ئەمڕۆ 26/1/2026 دەستەی باڵای سەندیکای کارمەندانی تەندروستی کوردستان بەیاننامەیەکی تایبەت بە ڕەوشی ڕۆژئاوای کوردستان دەرکرد کە تیایدا سەرکۆنەی هێرشەکانی سەر رۆژئاوای کردوو هەر لەم بەیاننامەیەدا ئامادەباشی پەرستاران و کارمەندانی تەندروستی ڕاگەیاندرا بۆ هەر ئەرکوو فەرمانیێک کە پێیان بسپێردرێت کە ئەمەش دەقەکەیەت…
بەیاننامەی سەندیکای کارمەندانی تەندروستی کوردستان
کارمەندانی تەندروستی مرۆڤدۆست….،وڵاتپارێزەرانی ژیاندۆست… خەڵکی بەشەرەفی کوردستان
لەکاتێکدا ئەمڕۆ بەشێکی نیشتمانەکەمان لەڕۆژئاوا ڕووبەڕووی هێرشێکی ناڕەوای شۆفێنی ڕەگەزپەرستانە دەبێتەوە لەژێر پەرچەمی ئاین ولەچوارچێوەی پلانی دەوڵەتانی هەرێمی ناوچەکە وبەرژەوەندی وڵاتانی زلهێزی دنیا ڕەوشێکی کارەساتباریان بەسەرمیللەتەکەماندا هێناوە، هەربۆیە خەڵکی هەرچوار پارچەی کوردستان وڕەوەندی کوردی لە ئەوروپاو ئەمریکا وجیهان وهاوسۆزانی دۆزی ڕەوای گەلەکەمان بەچەندین شێوازی مەدەنیانە لەدەربڕینی ناڕەزایی وخۆپیشاندانی بەرفراوان پشتیوانی وپشتگیری خۆیان بۆ بەرخودانی ڕۆژئاوا بەرجەستەکردوە ،تاوەکولەژێر فشارەکاندا بتوانن ڕای گشتی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بۆبەرقەرار بوونی ئاشتی وئارامی پەلکێش بکەن وبەر بەوهێرش وئابڵۆقە نامرۆڤانە بگرن کەڕوو بەڕووی گەلەکەمان بۆتەوە، هەربۆیە ئێمە ،وەک سەندیکای کارمەندانی تەندروستی کوردستان زۆر بەتوندی سەرکۆنەی ئەوهێرش وپێشێلکاری وشەرمەزاریانەی سوپای عەرەبی سوری دەکەین وپاڵپشتی خۆمان بۆبەرخودانی خەڵکی ڕۆژئاوا وهەڵویستی شۆڕشگێڕانەی شەڕڤانان ڕادەگەیەنین ولەم قۆناغە هەستیارومەترسیدارەی کەخەباتی ڕزگاریخوازی گەلەکەمان پێدا تێپەڕ دەبێت ،هەربۆیە داواکارین
١- ئێمە وەک سەندیکای کارمەندانی تەندروستی کوردستان تیمەکانمان لەئامادە باشی تەواو دان بۆ هەر ئەرکێک کە پێویست بێت لەهەر سات و کاتێک دا پێان پسپێردرێت هەر بۆیە داواکارین لەحکومەتی هەرێمی کوردستان ووەزارەتی تەندروستی هاوکاروهەمئاهەنگمان بن بۆ کار ئاسانی و گەیاندنی تیم و دەرمان و پێداویستیە پزیشکیەکان بۆ رۆژئاوا
٢-سەندیکاوکۆمەڵە وڕیکخراوەکانی ناوەندی تەندروستی بانگهێشتی ئەم ئەرکە نیشتمانیە پیرۆزە دەکەین تا پێکەوە توانا مرۆیەکان لەبوارە جیا جیاکانی خزمەتگوزاری تەندروستی وپزیشکی لەئاستێکی باڵادا یەک بخەین بۆ ئەم پرسە مێژووییە پیرۆزە
٣-سەرجەم لق و نوسینگە و نوێنەرایەتیەکانی سەندیکا ڕادەسپێرین کەهاوکاروپشیوانی تەواوی ئەم پرۆژەیەبن لەڕووی توانا مرۆیی و کەمپینی کۆکردنەوەی دەرمان وپێداویستیە پزیشکیەکان
لەکۆتایی دا ئێمە دڵنیاین کە پەرستاران و کارمەندانی تەندروستی بە بەهەست کردن بۆ بەرپرسیاریەتی بۆ ئەم قۆناغە لەئاست پیرۆزی ئەم هەڵوێستە پڕ شکۆیەدا دەبن ،هەروەک چۆن لەڕابردودا لەسەنگەرەکانی پێشمەرگە وتیمەکانی بەرەی جەنگی تیرۆرستانی داعش هەڵوێستی جوامێرانە وپڕ سەروەریان تۆمارکرد و بەهەمان
ورەی بەرزی شۆرش گێرانە دەبنە پرۆژەیەکی دانەبڕاو لەبزاڤی ڕزگاریخوازی گەلەکەمان.
بەرزوپیرۆز وسەرکەوتووبێت خەباتی ڕەوای گەلەکامان
سڵاو شکۆ وڕێزلێنان بۆ ڕوحی پاکی شەهیدانی ڕیگای ڕزگاری وبەرخودا
سەندیکای کارمەندانی تەندروستی کوردستان
دەستەی باڵا- هەولێر 26/1/2026
