سەندیکای کارمەندانى تەندروستی بە رێنمایی نوێ رێگە بە کردنەوەی نۆرینگەکان دەدات

بە مەبەستی رێکخستنی نۆرینگەکانی کارمەندانی تەندروستی بۆ ئەم قۆناغە ھەستیارەی ئێستا کە بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا وڵاتانی جیھان و ھەرێمی کوردستانی گرتۆتەوە ، سەرلەئێوارەی ٢٠٢٠/٣/٢٩ لە کۆبوونەوەیەکدا لە شاری ھەولێر دەستەی باڵای سەندیکای کارمەندانی تەندروستی کوردستان بڕیاریدا بە دەرکردنی چەند رێنماییەکی نوێ بۆ کردنەوەی نۆرینگەکانی کارمەندانی تەندروستی بە شێوازێک کە رۆلی ئەرێنی ھەبێت لە کۆنترۆلکردنی پەتای ڤایرۆسی کۆرۆنا بە لەبەرچاوگرتنی تایبەتمەندی سنووری چالاکی نۆرینگەکان، ھەربۆیە لە راگەیاندنی رێنماییەکاندا دەستخۆشی و سوپاس و ئەرک و ماندوبوونەکانی کارمەندانی تەندروستی کرد لە نەخۆشخانەکاندا کە رۆلی بەرچاو و کاریگەریان گێڕاوە لە پێشگیری لە لێکەوتەکانی ڤایرۆسی کۆرۆنا لە ھەرێمی کوردستاندا کە ئەمەش دەقەکەیەتی:
بۆ/سەرجەم لقەکانی سەندیکا
بابەت/ گشتاندن
کارمەندانی تەندروستی و پەرستاران
سەرەتا بەناوی سەندیکاکەتانەوە جوانترین چەپکە گوڵی نێرگزی نەورۆزی پڕ دڵسۆزیتان ئاراستە دەکەین و سوپاسی ئەرک و ماندوبوون و شەونخونیتان دەکەین کە زۆر لە خۆبردووانە وەک کاری ھەمیشەییتان رۆلی مێژوویی ئەم قۆناغە نوێیەتان سەربەرزانە بەرێ دەکەن، وێڕای ئەوەی لێ بڕاوانە رووبەرووی گەورەترین ھەڕەشەی مرۆڤایەتی بوونەتەوە کە بەرۆکی جیھان و گەلەکەمانی گرتووە و ئێستاش بەردەوامن لەو ھەڵمەتە مەزنە و ھەنگاو بە ھەنگاوی رێنمایی و روونکردنەوە و بڕیارەکانی سەندیکاکەتان بە جێ گەیاندووە.
ئازیزان و خەمخۆران
خۆشبەختانە ئەمڕۆ بە ھیمەتی دڵسۆزانەی ئێوە و ھاوپیشەکانی تری ناوەندی تەندروستی تواندراوە پێشگیری باش لە لێکەوتەکانی ڤایرۆسی کۆرۆنا (کۆڤید١٩) بکرێت و ژیانی ھاوڵاتیان لەو کارەساتە مرۆییە بە دوور بگیرێت، بێگومان دوا بەدوای ھەردوو رێنمایی سەندیکاکەمان کە بە نووسراوەی ژمارە (٥٤ و ٥٥) لە بەروارەکانی (٣/٨ و ٣/١٠) گشتێندرا بۆ سەرجەم لقەکان، دەستەی باڵای سەندیکای کارمەندانی تەندروستی کوردستان لە رێکەوتی ٢٠٢٠/٣/٢٩ لە کۆبوونەوەیەکی ئاسایی خۆیدا ئەم خاڵانەی خوارەوەی وەک رێنمایی نوێ رادەگەیەنێت بۆ سەرجەم لقەکان بە ئامانجی رێکخستنی کاری نۆرینگەکان بۆ ئەم قۆناغە، بەو ئومێدەی کە ھاندەرێکی باش بێت بۆ مسۆگەر کردنی سەرکەوتنی تەواو بەسەر ئەو گرفتە گەورەیە و ئێوەی ماندوونەناسیش بتوانن بتوانن ئەرکەکانتان لە ھەردوو کەرتی گشتی و تایبەت سەربەرزانە جێبەجێ بکەن:
١- بەردەوام بوون لە ئاوەدانکردنەوەی ناوەندی تەندروستی پڕاوپڕ جێگەی ئومێد و خواستی ھاوڵاتیان بن ھەروەک چۆن تا ئێستا وەک سمبولی ناوەندی تەندروستی وێنای خزمەتی مرۆڤایەتیتان نەخۆشاندووە.
٢- ئاگادار کردنەوەی ھاوڵاتیان لە سەرجەم رێنمایی و رێکارە تەندروستی و فەرمیەکان لە پێناو پاراستنی ژیانیان.
٣- کردنەوەی سەرجەم نۆرینگەکان لە بەرواری (٢٠٢٠/٤/١) و ئەنجامدانی کاری پیشەیی خۆتان بە شێوازێک کە ھاوکاربن لەگەڵ سەرجەم تیمەکانی وەزارەت و بەرێوەبەرایەتیە گشتی یەکانی تەندروستی و قایمقامیەت و ھێزەکانی ئاسایش و پۆلیس لە سنووری چالاکی لق و نووسینگەکاندا. ٤- ئاراستە کردنی ھەموو ئەو ھاوڵاتیانەی کە سەردانتان دەکەن و گومانی ڤایرۆسی کۆرۆنایان ھەیە بۆ سەنتەر و نەخۆشخانە تەرخانکراوەکان بۆ ئەم پەتایە.
٥- پێنەدانی ھیچ جۆرە چارەسەرێک بە ھاوڵاتی نەخۆشی گومان لێکراو بە پەتایی کۆرۆنا .
٦- پابەندبوون بە رێنماییەکانی سەندیکا بۆ مامەڵەکردنی (١٨) ئایتم.
٧- رەچاوکردنی بارودۆخ و گوزەرانی ھاوڵاتی نەخۆش لە رووی نرخ و خزمەتگوزاری تەندروستییەوە.
٨- پابەندبوون بە مەرجەکانی خۆپارێزی لە نۆرینگەکان لەکاتی سەردانی کردنی ھاوڵاتی نەخۆش لە بەکارھێنانی ماسک و دەسکێش و پۆشاکی تایبەت و رێگەنەدان بە دروستبوونی قەرەبالغی و بەریەککەوتن.
٩- چرکردنەوەی کاری لێژنەکانی پشکنین و چاودێری نۆرینگەکان لە لق و نووسینگەکاندا تاکو بتوانن بە شێوەیەکی زانستی و تەندروستی کاری خزمەتگوزاری تەندروستی لە نۆرینگەکاندا پەیڕەو بکرێت .
١٠- دانانی دەفتەری تۆمار بۆ تۆمارکردنی زانیاری ئەو نەخۆشانەی رۆژانە سەردان دەکەن.
١١- چارەسەر نەکردنی کەسانی بیانی و ئەو ھاوڵاتیانەی کە لە دەرەوەی ھەرێم گەڕاونەتەوە کە گومانیان لێ دەکرێت بەو پەتایە.
 سەندیکای کارمەندانی تەندروستی کوردستان
دەستەی باڵا
2020/3/29
ژماره‌ی بینین:
2211
به‌روار:
30/03/2020
بیروڕاکان
هیچ داتایه‌ک به‌رده‌ست نیه‌ .
کۆمێنتی خۆت بنێره‌      

زیاتر
1 بۆ 16 له‌ کۆی 200