سه‌ندیكاى كارمه‌ندانى ته‌ندروستى كوردستان هه‌ڵوێستى ڕێكخراوه‌یى له‌سه‌ر ڕه‌وشى ڕۆژئاواى كوردستان بڵاو كرده‌وه‌.
ئه‌مڕۆ 2019/10/14 ئه‌نجومه‌نی گشتی سه‌ندیكا له‌ كۆبوونه‌وه‌ى ئاسایی خۆیدا هه‌ڵوێستی رێكخراوه‌یی خۆی له‌سه‌ر بارودۆخی رۆژئاواى كوردستان بڵاو كرده‌وه‌ كه‌ ئه‌مه‌ش ده‌قه‌كه‌یه‌تی: هه‌ڵوێستی سه‌ندیكاى كارمه‌ندانی ته‌ندروستی كوردستان له‌سه‌ر ره‌وشی رۆژئاواى كوردستان په‌رستاران و كارمه‌ندانى ته‌ندروستى...... دڵسۆزانى خاك و نه‌ته‌وه‌ . هه‌روه‌ك لاتان ڕوون و ئاشكرایه‌ گه‌لى كورد له‌ هه‌ر پارچه‌یه‌كى كوردستان مێژووى چه‌ندین كاره‌ساتى نه‌هامه‌تى و ماڵ وێرانى له‌ هه‌گبه‌ى خۆیدا هه‌ڵگرتووه‌ هه‌رجاره‌ى خه‌م و ته‌مێكى ڕه‌ش له‌سه‌ر هاوڵاتیانى پارچه‌یه‌ك له‌ كوردستان ده‌نیشێته‌وه‌ وا ئه‌م جاره‌ش كوردستانى ڕۆژئاواى گرتۆته‌وه‌ و له‌ لایه‌ن ده‌وڵه‌تى توركیاوه‌ هێرشێكى ناڕه‌واى ده‌كرێته‌ سه‌ر و نه‌هامه‌تیه‌كانى شه‌ر به‌رۆكى هاوڵاتیانى سڤیلى گرتۆته‌وه‌ و چه‌ندین كاره‌ساتى دڵ ته‌زێنى هێناوه‌ته‌ ئاراوه‌ ، هه‌ر به‌ شه‌هید بوون و برینداربوونیان تا ئاواره‌ بوونى سه‌دان هه‌زار خێزانی بێ ده‌ره‌تان و بێ به‌ش بوونیان له‌ هه‌ر سه‌رچاوه‌یه‌كى ژیان له‌ خۆراك و دره‌مان و په‌ناگه‌یه‌كى ئارام ، بۆیه‌ وه‌ك ئه‌نجومه‌نى گشتى سه‌ندیكا وه‌ك هه‌ڵوێستێكى مرۆڤایه‌تى و نیشتمانى و نه‌ته‌وایه‌تى به‌رامبه‌ر به‌و هێرشه‌ نا ڕه‌وایه‌ بۆ سه‌ر هاوڵاتیانى ڕۆژئاواى كوردستان له‌ لایه‌ك و پشتیوانى و هاوكارى لێ قه‌وماوان به‌ ئه‌ركى سه‌ر شانى خۆمانى ده‌زانین و به‌ توندى ئه‌و هێرشانه‌ سه‌ركۆنه‌ ده‌كه‌ین و داوا له‌ ووڵاتانى زلهێزو نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان و ڕێكخراوه‌ نێوه ده‌وڵه‌تیه‌كان ده‌كه‌ین فشار له‌سه‌ر ولاتی توركیا دروست بكه‌ن بۆ ڕاگرتنى هێرشى سه‌ربازى بۆ سه‌ر هاوڵاتیانى سڤیل و له‌سه‌ر ئاستى ناوخۆ ڕێكخراوه‌یى خۆشمان داوا له‌ حكومه‌تى هه‌رێمى كوردستان ده‌كه‌ین كه‌ به‌ هاناى خه‌ڵكى به‌ش مه‌ینه‌تى ڕۆژئاواوه‌ بچێت له‌ دابین كردنى هاوكارى فریاگوزارى خێرا وه‌ له‌سه‌ر ئاستى ڕێكخراویی داوا له‌ سه‌رجه‌م ڕێكخراوه‌كانى كۆمه‌ڵگه‌ى مه‌ده‌نى ده‌كه‌ین كه‌ هاوكارو پاڵپشتى هاوڵاتیانى ئه‌م به‌شه‌ى كوردستان ببن به‌ هه‌ر شێوازێك كه‌ بۆیان ده‌كرێت و ده‌ره‌خسێت داواكارین له‌ لقه‌كانى سه‌ندیكا هه‌ماهه‌نگ و ده‌ست به‌كاربن بۆ ..... 1 - هه‌موو لقه‌كان و نووسینگه‌كانى سه‌ندیكا هه‌ڵسن به‌ ئه‌نجامدانى كه‌مپین و هاوئاهه‌نگى له‌گه‌ڵ ڕێكخراوه‌ مرۆڤ دۆسته‌كانى ناوه‌خۆ و ده‌ره‌وه‌ بۆ دابین كردنى هاوكارى ماددى و مه‌عنه‌وى بۆ هاوڵاتیانى ڕۆژئاواى كوردستان 2 – سه‌رجه‌م كارمه‌ندانى ته‌ندروستى به‌ده‌نگ كه‌مپینه‌كانى سه‌ندیكا بچن و چیان له‌ ده‌ست دێت پێشكه‌شى بكه‌ن تا به‌ زووترین كات بگاته‌ ده‌ست هاوڵاتیانى ڕۆژئاوا . 3 – ئێمه‌ فریاگوزاریه‌كانى لقه‌كانى سه‌ندیكا له‌ ئاماده‌ باشى دابن بۆ به‌ هاناوه‌ چوونى ئاواره‌بووانى كوردستانى ڕۆژئاوا له‌ هه‌ر حاڵه‌تێكدا ئه‌گه‌ر پێویست بوو . له‌ كۆتاییدا سه‌رى رێز و نه‌وازش بۆ شه‌هیدان و قوربانیانی به‌رخودانی گه‌له‌كه‌مان دائه‌نوێنین و هیوای زوو چاكبوونه‌وه‌ش بۆ برینداران ده‌خوازین، ئومید ده‌خوازین كۆى سه‌ندیكا و ڕێكخراوه‌كانى ترى هه‌رێمى كوردستان هاوكار و هاوئاهه‌نگ بن بۆ تێپه‌راندنى ئه‌و نه‌هامه‌تیه‌ى كه‌ هاوڵاتیانى كوردستانى ڕۆژئاواى گرتۆته‌وه‌ . سه‌ندیكاى كارمه‌ندانى ته‌ندروستى كوردستان 14/10/2019
ژماره‌ی بینین:
276
به‌روار:
15/10/2019
بیروڕاکان
هیچ داتایه‌ک به‌رده‌ست نیه‌ .
کۆمێنتی خۆت بنێره‌      

زیاتر
1 بۆ 16 له‌ کۆی 200
    
ئایا سه‌ندیكای‌ كارمه‌ندانی‌ كوردستان به‌ده‌م خواستی‌ كارمه‌ندانی‌ ته‌ندروسییه‌وه‌یه‌؟



ریکلام
بڵاوکراوه:‌
بڵاوکراوەکان