كارمه‌ندێكی‌ ته‌ندروستی‌ به‌سه‌رهاتی‌ خۆی له‌ناو داعش دا ده‌گێڕێته‌وه‌
كارمه‌ندێكی‌ ته‌ندروستی‌ به‌سه‌رهاتی‌ خۆی له‌ناو داعش دا ده‌گێڕێته‌وه‌
ئه‌رشه‌د ته‌حسین

وابه‌دوای‌ هاتنی‌ داعش و كه‌وتنه‌ژێرده‌ستی‌ به‌شێك له‌ ناوچه‌كانی‌ عێراق گه‌لێك رووداوی‌ جیاجیا ده‌بیستین, مۆفه‌ق جه‌مال كه‌ كارمه‌ندێكی‌ ته‌ندروستیه‌ و به‌رپرسی بنكه‌ی‌ ته‌ندروستی‌ شه‌هید حه‌مه‌ره‌شه‌ له‌ شارۆچكه‌ی‌ جه‌له‌ولا دوابه‌دوای‌ گه‌یشتنی‌ داعش به‌ جه‌له‌ولا ئه‌ویش ئاواره‌ی‌ كوڵه‌جۆ بووه‌, ئه‌و كه‌ خاوه‌نی‌ 6 منداڵه‌ دوای‌ ئاواره‌بوونیشی به‌رده‌وام بووه‌ له‌ خزمه‌تكردنی‌ له‌ بواری‌ ته‌ندروستیدا و له‌ چوارچێوه‌ تیمه‌ ته‌ندروستیه‌كانی‌ سه‌ندیكای‌ كارمه‌ندانی‌ ته‌ندروستی‌ و وه‌زاره‌تی‌ ته‌ندروستی‌ حكومه‌تی‌ هه‌رێم به‌شداربوه‌ له‌ خزمه‌ت كردنی‌ پێشمه‌رگه‌كان له‌سه‌نگه‌ره‌كانی‌ پێشه‌وه‌ی‌ جه‌نگه‌كه‌دا.
كۆفه‌ق جه‌مال به‌سه‌رهاتی‌ چوونی‌ بۆ ناو داعش و هێنانه‌وه‌ی‌ ته‌رمی شه‌هیدێكی‌ پێشمه‌رگه‌ ده‌گێڕَێته‌وه‌ و ده‌ڵێت : 30/7 بوو ویستمان برۆین بۆ ناو جه‌له‌ولا هه‌ندێك ده‌رمان و پێدوایستی‌ پزیشكی‌ بێنین به‌ڵام قه‌ناسه‌كه‌ی‌ داعش رێگه‌ی‌ پێنه‌داین  و نه‌مان توانی‌ برۆین, به‌ناچاری گه‌راینه‌وه‌ بۆ ده‌روازه‌ی‌ كوباشی بۆ لای‌ هێزه‌كانی‌ پێشمه‌رگه‌, به‌ڵام كاتێك گه‌راینه‌وه‌ بینیمان خێزانێك له‌ سلێمانیه‌وه‌ هاتوون بۆ وه‌رگرتنه‌وه‌ی‌ ته‌رمی‌ شه‌هیده‌كه‌یان كه‌ ماوه‌ی‌ حه‌فته‌یه‌ك بوو له‌ ژێر چنگی‌ داعش دا بوو. به‌ڵام داعش داوای‌ ده‌كرد كه‌س و كاره‌كه‌ی‌ خۆیان بێن و ته‌رمه‌كه‌ به‌رنه‌وه‌ و كه‌سیش ئاماده‌نه‌بوو بچێت . ئه‌و كارمه‌نده‌ی‌ ته‌ندروستی‌ ده‌ڵێت منیش كه‌ بینیم كه‌س ناچێت بریارم دا سه‌ركێشی به‌ ژیانمه‌وه‌ بكه‌م و گیانی‌ خۆم بكه‌م به‌ فیدا بۆ هێنانه‌وه‌ی‌ ئه‌و ته‌رمی‌ شه‌هیده‌. بۆیه‌ بڕیارم دا برۆم, گه‌رچی هاوكاره‌كانم سه‌ره‌تا رازی‌ نه‌بوون به‌ڵام سه‌ره‌نجام به‌ ناچاری ره‌زامه‌نمدیان ده‌ربڕی و به‌ڕێكه‌وتم به‌ره‌و سه‌عدیه‌ بۆ ناو گروپی داعش بۆ هێنانه‌وه‌ی‌ ته‌رمی شه‌هیده‌ پێشمه‌رگه‌كه‌.
كارمه‌نده‌كه‌ی‌ ته‌ندروستی‌ ده‌ڵێت له‌ ده‌روازه‌ی‌ سه‌عدیه‌ گروپێكی‌ داعش كه‌ شێخه‌ عه‌شیره‌تێكی‌ عه‌ره‌ب هاوڕێیه‌تی‌ ده‌كردن هاتنه‌ پێشوازیم و ئۆتۆمبیلیه‌ ئیسعافه‌كه‌یان لێوه‌رگرتم و وتیان ده‌بێت تۆ لێره‌بی نابێت تۆ بێی ئێمه‌ خۆمان ته‌رمه‌كه‌ت بۆ دێنینه‌وه‌, منیش به‌ناچاری قبوڵم كردو ئه‌وان ئۆتۆمبیله‌كه‌یان برد و منیان برد بۆ باره‌گاكه‌یان . پاش 20بۆ 25 خوله‌ك ئۆتۆمبیله‌كه‌یان بۆ هێنامه‌وه‌ و وتیان ناوی‌ خوا بێنه‌و برۆوه‌ ئه‌وه‌ ته‌رمه‌كه‌ی تێدایه‌ .
سه‌باره‌ت به‌ ژماره‌ و جۆری چه‌كدارانی‌ داعش ئه‌و كارمه‌نده‌ ته‌ندروستیه‌ ده‌ڵێت ژماره‌یان 16بۆ 20 چه‌كدار ده‌بوو به‌ جل و به‌رگی‌ ئه‌فغانیه‌وه‌ و ده‌موچاویان پێچرابوو , هه‌روه‌ها دۆشكه‌ و مێك زه‌مینیشم پێ بینین. له‌ باره‌ی‌ ره‌فتاریشیانه‌وه‌ ده‌ڵێت ئه‌و ته‌نها دوو كه‌س قسه‌یان له‌گه‌ڵ‌ كردم  ئه‌وانیش چه‌كدارێك كه‌ ئۆتۆمبیله‌كه‌ی‌ لێوه‌رگرتم كه‌ زۆر ته‌وندره‌و ده‌رده‌كه‌وت هه‌روه‌ها به‌رپرسی گروپه‌كه‌ كه‌ له‌ ژووره‌كه‌ی‌ خۆی داینیشاندم و فه‌رمانی‌ كرد خزمه‌تم كه‌ن و ئاویان بۆ هێنام و زۆر رێزی‌ گرتم.له‌باره‌ی‌ به‌رپرسی گروپه‌كه‌شه‌وه‌ ئاوا ده‌دوێ و ده‌ڵێت  پیاوێكی‌ كامڵی 40بۆ 45 ساڵ‌ بوو ریشێكی‌ درێژی هه‌بوو به‌ زمانی‌ عه‌ره‌بی ناوچه‌ی‌ حه‌مرین قسه‌ی‌ ده‌كرد . سه‌باره‌ت به‌وه‌ی‌ كه‌ چیان وتوه‌ و وتوێژی خۆی و به‌رپرسی گروپه‌كه‌ له‌باره‌ی‌ چیه‌وه‌ بووه‌ ئه‌و كارمه‌نده‌ی‌ ته‌ندروستی‌ ده‌ڵێت به‌رپرسی گروپه‌كه‌ لێمی‌ پرسی كورد چی لێمان ده‌وێت , منیش وتم ئێمه‌ی‌ كوردیش هه‌مان پرسیارده‌كه‌ین و ده‌ڵێین داعش چی ده‌وێت , به‌ڵام به‌رپرسه‌كه‌ وتی‌ ئێمه‌ هیچی خراپمان به‌رامبه‌ر به‌ كورد نه‌كردوه‌ و خراپه‌مان بۆ كورد نیه‌ , به‌ڵام من وتم ئه‌ی‌ قه‌ناسه‌كه‌تان بۆ رۆژانه‌ ده‌یان كوردمان لێ شه‌هید ده‌كات به‌ڵام به‌رپرسه‌كه‌ی‌ داعش وتی‌ ئه‌وه‌ ئێمه‌ نین به‌ڵكو كه‌سان و گروپی ترن به‌ناوی‌ ئێمه‌وه‌ ده‌یان خراپه‌ ده‌كه‌ن.
سه‌باره‌ت به‌ مامه‌ڵه‌ و هه‌ڵسوكه‌وتی‌ شێخه‌ عه‌ره‌به‌كه‌ی‌ كه‌ له‌ناو داعش پێشوازی‌ لێكردبوو وتی‌ ئه‌و شێخه‌ عه‌ره‌به‌ زۆر رێزی‌ گرتوه‌ و ته‌نانه‌ت به‌ گروپه‌كه‌ی‌ وتوه‌ ئه‌م كوره‌ ئامانه‌ته‌ لای‌ من ئه‌بێ رێزی‌ بگرن , ئه‌وانیش زۆر رێزی‌ ئه‌و شێخه‌ عه‌ره‌به‌یان ده‌گرت و هه‌رچی بوتایه‌ ده‌یان گوت به‌سه‌رچاو . سه‌باره‌ت به‌وه‌ی‌ دوای‌ راده‌ست كردنه‌وه‌ی‌ ئۆتۆمبیل و ته‌رمه‌كه‌ چی كردوه‌ ده‌لێت به‌ به‌رپرسی گروپه‌كه‌م  وت من  ئیستا ئه‌ترسم له‌وه‌ی‌ ئۆتۆمبیله‌كه‌ یان ته‌رمه‌كه‌تان بۆمبڕێژكردبێت وتی‌ نا تۆ میوانی‌ لای‌ ئێمه‌ ئێمه‌ له‌گه‌ڵ‌ میوان شتی‌ وا ناكه‌ین , ئه‌و ده‌ڵێت به‌رپرسه‌كه‌ پێی وتوه‌ ئێمه‌ ته‌نسیقمان له‌گه‌ڵ‌ شێخه‌ عه‌ره‌به‌كان هه‌یه‌ ناتوانین پێچه‌وانه‌ی‌ ته‌نسیقه‌كه‌ هه‌ڵسو كه‌وت بكه‌ین .كارمه‌نده‌كه‌ی‌ ته‌ندروستی‌ ده‌لێت نازانم چی جۆره‌ ته‌نسیقێكیان هه‌بووه‌ به‌ڵام ده‌زانم ته‌نسیقه‌كه‌ له‌ نێوان شێخه‌ عه‌ره‌بێكی‌ لای‌ پێشمه‌رگه‌ بوو به‌ناوی‌ شێخ ماج له‌گه‌ڵ‌ شێخه‌ عه‌ره‌بكه‌ی‌ لای‌ داعش كه‌ ناوی‌ شێخ سه‌دام .
شایانی‌ باسه‌ ئه‌و شه‌هیده‌ ناوی‌ به‌ختیار ئیبراهیم مامه‌ عه‌زه‌بووه‌ و پێشمه‌رگه‌بووه‌ له‌ لیوای‌ 5ی‌ هاوبه‌شی سه‌ربه‌وه‌زاره‌تی‌ پێشمه‌رگه‌ی‌ حكومه‌تی‌ هه‌رێم و خاوه‌نی‌ 2 منداڵه‌ و ماوه‌ی‌ هه‌فته‌یه‌ك ته‌رمه‌كه‌ی‌ له‌ ژێر ده‌ستی‌ داعش دا بوه‌ تا ئه‌و رۆژه‌ ئه‌و كارمه‌نده‌ ته‌ندروستیه‌ ته‌رمه‌كه‌ی‌ هێناوه‌ته‌وه‌ .
ژماره‌ی بینین:
1876
به‌روار:
02/10/2014
بیروڕاکان
هیچ داتایه‌ک به‌رده‌ست نیه‌ .
کۆمێنتی خۆت بنێره‌      

زیاتر
1 بۆ 16 له‌ کۆی 25
    
ئایا سه‌ندیكای‌ كارمه‌ندانی‌ كوردستان به‌ده‌م خواستی‌ كارمه‌ندانی‌ ته‌ندروسییه‌وه‌یه‌؟



ریکلام
بڵاوکراوه:‌
بڵاوکراوەکان