گرنگی‌ كارمه‌ندی‌ ته‌ندروستی‌ له‌ ناوه‌ندی‌ ته‌ندروستیدا
ئه‌رشه‌د ته‌حسین كارمه‌ندی‌ ته‌ندروستی‌ به‌و توێژه‌ گرنگه‌ی‌ ناوه‌ندی‌ ته‌ندروستی‌ ده‌وترێت كه‌ ژیانی‌ خۆی ته‌رخان كردوه‌ بۆ خزمه‌ت كردنی‌ هاوڵاتیان و كه‌مكردنه‌وه‌ی‌ ئێش و ئازاره‌كانی‌ نه‌خۆش و بووه‌نه‌ته‌ مایه‌ی‌ ره‌واندنه‌وه‌ی‌ خه‌م و ساڕێژی زامه‌كانی‌.كارمه‌ندی‌ ته‌ندروستی‌ گرنگی‌ و بایه‌خێكی‌ زۆری هه‌یه‌ له‌ ناوه‌ندی‌ ته‌ندروستیدا ئه‌مه‌ش به‌ هۆی زۆریی و سه‌ختی‌ ئه‌ركی‌ سه‌رشانی‌ كارمه‌ندانی‌ ته‌ندروستیه‌وه‌ چونكه‌ زۆرترین و سه‌خت ترین ئه‌ركه‌كانی‌ ناوه‌ندی‌ ته‌ندروستی‌ ده‌كه‌ونه‌ سه‌رشانی‌ كارمه‌ندانی‌ ته‌ندروستی‌. ده‌كرێت لێره‌دا به‌ چه‌ند خاڵێك ئه‌رك و قورسایی سه‌ر شانی‌ كارمه‌ندانی‌ ته‌ندروستی‌ بخه‌ینه‌روو. یه‌كه‌م: كارمه‌ندانی‌ ته‌ندروستی‌ زۆرترین خزمه‌تیان به‌ هاوڵاتیان كردوه‌ به‌ چه‌شنێك ئه‌گه‌ر بگه‌ڕێینه‌وه‌ بۆ نزیكترین مێژووی‌ چاره‌كه‌ سه‌ده‌یه‌ك له‌مه‌وبه‌ر ده‌بینین كه‌ تاكه‌ كارمه‌ندێكی‌ ته‌ندروستی‌ توانیویه‌تی‌ چاره‌سه‌ری نه‌خۆشی شارۆچكه‌یه‌ك بكات, به‌ جۆرێك كه‌م كه‌س هه‌یه‌ شایه‌تی‌ ئه‌و راستیه‌ نه‌دات كه‌ تاكه‌ یه‌ك كارمه‌ندی‌ ته‌ندروستی‌ یان تاكه‌ یه‌ك نۆرینگه‌ به‌س بوه‌ بۆ ئه‌وه‌ی‌ شارۆچكه‌یه‌ك پێویستیان به‌ نه‌خۆشخانه‌ نه‌بێت به‌تایبه‌ت ئه‌و كاتانه‌ی‌ كه‌ باری‌ ئابووری خه‌ڵكی‌ لاواز بوه‌ و نه‌خۆشخانه‌ له‌ شار و شارۆچكه‌كان دا نه‌بووه‌. دووه‌م: كارمه‌ندانی‌ ته‌ندروستی‌ پێشمه‌رگه‌ ئاسا له‌سه‌ر ده‌می‌ شاخدا له‌ هه‌وڵی چاره‌سه‌ركردن و تیماركردنی‌ پێشمه‌رگه‌ قاره‌مانه‌كانی‌ كوردستان دا بووه‌ و تاكه‌ یه‌ك كارمه‌ندی‌ ته‌ندروستی‌ به‌س بووه‌ بۆ ئه‌وه‌ی‌ زۆرترین خزمه‌ت به‌ ژماره‌یه‌كی‌ زۆر پێشمه‌رگه‌ و گوندنشینانی‌ كوردستان بكات له‌ شاخ, ته‌نانه‌ت له‌م دواییه‌شدا كه‌ گرژی و ئاڵۆزی له‌ ناوچه‌كانی‌ عێراق درووست بوو وه‌ پێشمه‌رگه‌ قاره‌مانه‌كانی‌ كوردستانیش ئه‌ركی‌ پاراستنی‌ ناوچه‌كانی‌ كوردستانیان كه‌وته‌ سه‌رشان و تاكه‌ چین و توێژی ناوه‌ندی‌ ته‌ندروستی‌ كه‌ هاوشانی‌ پێشمه‌رگه‌ چووه‌ ریزی‌ پێشه‌وه‌ سه‌نگه‌ره‌كانی‌ به‌رگری‌ له‌ خاك و نیشتیمانی‌ كوردستان كارمه‌ندانی‌ ته‌ندروستی‌ بوو. سێیه‌م: سه‌رجه‌م ئه‌و گوندانه‌ی‌ كه‌ له‌ كوردستان ئاوه‌دانن و بنكه‌ و مه‌ڵبه‌ندی‌ ته‌ندروستیان تێدایه‌ له‌سه‌ر ده‌ستی‌ كارمه‌ندانی‌ ته‌ندروستی‌ ئاوه‌دانن و به‌ پشتیوانی‌ كارمه‌ندان به‌ڕێوه‌ ده‌چن و كارمه‌ندانی‌ ته‌ندروستی‌ سه‌رجه‌م به‌شه‌ جۆراو جۆره‌كانیان به‌ڕێوه‌ ده‌به‌ن له‌ (ده‌رمانخانه‌, تاقیگه‌, ژووری‌ پشكنین, .....), واته‌ كارمه‌ندی‌ ته‌ندروستی‌ نه‌خۆش ده‌بینێت و هه‌ر خۆشی ده‌رمانی‌ پێده‌دات. چواره‌م: له‌سه‌رچه‌م شار و شارۆچكه‌كانی‌ كوردستان و له‌سه‌رجه‌م سه‌نته‌ر و مه‌ڵبه‌نده‌ ته‌ندروستی‌ ونه‌خۆشخانه‌كانیشدا كارمه‌ندانی‌ ته‌ندروستی‌ پشكی‌ شێریان به‌رده‌كه‌وێت له‌ به‌ڕێوه‌بردن و كاركردن له‌و به‌شانه‌دا و له‌ كه‌م كردنه‌وه‌ی‌ ئێش و ئازاره‌كانی‌ نه‌خۆشدا. پێنجه‌م: له‌ سه‌رجه‌می‌ ناوه‌نده‌ ته‌ندروستیه‌كانی‌ كوردستان دا به‌سه‌رجه‌م به‌شه‌ جیاوازه‌كانی‌ وه‌ك (ده‌رمانخانه‌, تاقیگه‌, ئێشك, قاوشه‌كان, هۆڵی نه‌شته‌رگه‌ریی, .....) كارمه‌ندانی‌ ته‌ندروستی‌ كاره‌كانی‌ رایی ده‌كه‌ن. له‌ سۆنگه‌ی‌ ئه‌م ئه‌ركانه‌ و چه‌ندان گرنگی‌ تری كارمه‌ندانی‌ ته‌ندروستی‌ ده‌گه‌ینه‌ ئه‌و ئه‌نجمه‌ی‌ كه‌ كارمه‌ندانی‌ ته‌ندروستی‌ تاكه‌ چینی‌ ناو ناوه‌ندی‌ ته‌ندروستین كه‌ زۆرترین ئه‌ركیان له‌سه‌ر شانه‌ و رۆڵ و ئه‌ركی‌ چین و توێژه‌كانی‌ تر جێبه‌جێ ده‌كه‌ن له‌ كاتێكدا كه‌م كه‌س له‌ چین و توێژه‌كانی‌ تر ده‌توانن كاره‌كانی‌ كارمه‌ندی‌ ته‌ندروستی‌ جێبه‌جێ بكه‌ن. بۆیه‌ جێی خۆیه‌تی‌ وه‌ك چۆن قورسترین ئه‌رك له‌سه‌ر شانی‌ كارمه‌ندی‌ ته‌ندروستیه‌ ئاواش هه‌ست به‌و ئه‌ركه‌ قورسه‌یان بكرێت و له‌ مافه‌كانیان بێ به‌ش نه‌كرێن, بۆیه‌ جێی خۆیه‌تی‌ كه‌:. یه‌كه‌م: هاولاتیان ره‌چاوی‌ ئه‌ركی‌ قورسی سه‌رشانی‌ كارمه‌ندانی‌ ته‌ندروستی‌ بكه‌ن و به‌ چاوی‌ رێز و پێزانینه‌وه‌ له‌ گه‌وره‌یی و گرنگی‌ كارمه‌ندان بڕوانن , چونكه‌ هه‌موو كه‌سێك و بۆ هه‌ركارێك كه‌ به‌ ئه‌نجامی‌ ده‌گه‌یه‌نێت ئه‌وا پێویستی‌ به‌ ده‌ست خۆشی و پێزانینی‌ كۆمه‌ڵگه‌كه‌ی‌ هه‌یه‌. دووه‌م: ئه‌ركی‌ حكومه‌ت و وه‌زاره‌تی‌ ته‌ندروستی‌ و لایه‌نه‌ په‌یوه‌ندیداره‌كانه‌ له‌ هه‌وڵی دابین كردن و باشتر كردنی‌ ژیانی‌ كارمه‌ندانی‌ ته‌ندروستی‌ دا بن و له‌ رووی ماددی‌ و مه‌عنه‌ویه‌وه‌ پاداشتی‌ ئه‌رك و ماندوو بوونیان بكرێت, چونكه‌ گومانی‌ تێدانیه‌ ئه‌و كاته‌ی‌ كارمه‌ندانی‌ ته‌ندروستی‌ له‌ رووی شوێنی‌ نیشته‌جێبوون و باشتركردنی‌ بژێویی ژیانه‌وه‌ به‌ره‌و پێش ده‌چێت هه‌ست به‌وه‌ ده‌كات كه‌ رێز له‌ ماندوو بوونه‌كانی‌ گیراوه‌ و ئه‌ویش دڵسۆزانه‌تر له‌ هه‌وڵی به‌ ئه‌نجام گه‌یاندنی‌ كاره‌كانیدا ده‌بێت.
ژماره‌ی بینین:
1148
به‌روار:
17/08/2014
بیروڕاکان
هیچ داتایه‌ک به‌رده‌ست نیه‌ .
کۆمێنتی خۆت بنێره‌      

زیاتر
1 بۆ 16 له‌ کۆی 25