كارمه‌ندانی‌ ته‌ندروستی‌ له‌ نێوان ئه‌رك و ماف دا...
ئه‌رشه‌د ته‌حسین: كارمه‌ندی‌ ته‌ندروستی‌ ئه‌و چینه‌ ماندوو نه‌ناسه‌ی‌ كه‌ شه‌و و رۆژیان خستوه‌ته‌ سه‌ریه‌ك له‌ پێناو خزمه‌ت كردنی‌ هاوڵاتیان و كه‌مكردنه‌وه‌ ئێش و ئازاره‌كانی‌ نه‌خۆش و فریشته‌ ئاسا ده‌بنه‌ سارێژی‌ زام و ئازاره‌كانیان. هه‌ر بۆیه‌ش له‌و رۆژگاره‌وه‌ كه‌ مرۆڤایه‌تی‌ به‌ كارمه‌ندی‌ ته‌ندروستی‌ ئاشنا بووه‌, كارمه‌ندانی‌ ته‌ندروستی‌ به‌ فریشته‌ی‌ میهره‌بانی‌ ناسران. كارمه‌ندانی‌ ته‌ندروستی‌ به‌ ئارامترین توێژی كۆمه‌ڵگه‌ن چونكه‌ له‌یه‌ك كات دا هه‌م ته‌حه‌موولی‌ نه‌خۆش ده‌كه‌ن و له‌ هه‌وڵی چاره‌سه‌ركردن و كه‌مكردنه‌وه‌ی‌ ئێش و ئازاره‌كانی‌ نه‌خۆش دان, هه‌م ئارام ده‌گرن به‌رامبه‌ر هه‌ڵوون و تووڕه‌بوون و شپرزه‌بوونی‌ هاوڕێ و كه‌س و كاری‌ نه‌خۆش كه‌ له‌گه‌ڵ‌ نه‌خۆشه‌كه‌دا سه‌ردانی‌ ناوه‌ندی‌ ته‌ندروستی‌ ده‌كه‌ن, هه‌ر له‌به‌ر ئه‌وه‌ی‌ كه‌ كارمه‌ندانی‌ ته‌ندروستی‌ ئه‌ركێكی‌ زۆر و قورسیان له‌سه‌رشانه‌ وبێ گوێدانه‌ باری‌ ته‌ندروستی‌ خۆیان خزمه‌ت ده‌كه‌ن, بۆیه‌ش ده‌بێت زیاتر له‌ هه‌ر چین و توێژێكی‌ تر خزمه‌ت بكرێن و ره‌چاوی‌ مافه‌كانیان بكرێت و پێداویستیه‌كانیان بۆ دابین بكرێت. هه‌ر له‌و سۆنگه‌یه‌شه‌وه‌ ده‌مانه‌وێت لێره‌دا راو بۆچوونی‌ چه‌ند كارمه‌ندێكی‌ ته‌ندروستی‌ به‌ ئه‌زمون وه‌ربگرین سه‌باره‌ت به‌ كه‌رتی‌ ته‌ندروستی‌ و ئه‌رك و مافه‌كانیان . ئاوڕدانه‌وه‌ له‌ كارمه‌ندان به‌ره‌وپێش چوونی‌ كه‌رتی‌ ته‌ندروستی یه‌. محه‌مه‌د عومه‌ر حه‌مه‌خان كارمه‌ندی‌ ته‌ندروستی‌ له‌ نه‌خۆشخانه‌ی‌ فریاكه‌وتنی‌ سلێمانی‌ كه‌ به‌ وته‌ی‌ خۆی نزیكه‌ی‌ 25 ساڵ‌ خزمه‌تی‌ هه‌یه‌ له‌ بواری‌ ته‌ندروستی‌ دا ده‌ڵێت : ئه‌گه‌ر بمانه‌وێت ئه‌ركی‌ پیرۆزی‌ كارمه‌ندان به‌ره‌و پێش بچێت ده‌بێت زیاتر ئاوڕ له‌ كارمه‌ندان بدرێته‌وه‌ و به‌ ده‌م داوا ره‌واكانیانه‌وه‌ بچن و مافه‌كانیان چ له‌ رووی‌ داراییه‌وه‌ بێت كه‌ خۆی له‌ دابین كردنی‌ شوێنی‌ نیشته‌جێبوون وباشتركردنی‌ موچه‌ و دارماڵه‌دا ده‌بینێته‌وه‌ چ له‌ رووی مه‌عنه‌ویه‌وه‌ بێت كه‌ خۆی له‌ ره‌چاوكردن و پارێزگاری‌ كردن له‌ خۆی و پیشه‌كه‌ی‌ دا ده‌بینێته‌وه‌. ئه‌و كه‌ ساڵانێك له‌ بواری‌ خزمه‌ت كردن به‌ نه‌خۆش ئه‌زموونی‌ هه‌یه‌ ئه‌وه‌شی خسته‌ روو كه‌ ئێستا بواری‌ ته‌ندروستی‌ له‌ كوردستان به‌ره‌و پێش چوونی‌ باشی به‌ خۆیه‌وه‌ بینیوه‌ چ له‌ رووی ئامێر و كه‌ره‌سه‌ی‌ پزیشكیه‌وه‌ بێت چ له‌ رووی زۆری و باشی بینای‌ ناوه‌ندی‌ ته‌ندروستیه‌وه‌ بێت, به‌ڵام به‌ بڕوای‌ئه‌و كارمه‌نده‌ی‌ ته‌ندروستی‌ له‌ رووی‌ موچه‌ و ئیمتیازاته‌وه‌ جاران له‌ ئێستا باشتربوو, چونكه‌ جاران جگه‌ له‌ مووچه‌ی‌ فه‌رمی‌ ده‌رماڵه‌ی‌ ئێشكگری‌ و ده‌رماڵه‌ی‌ مترسی به‌ پێی شوێنی‌ ئیشه‌كه‌ی‌ پێ ده‌درا, ئه‌مه‌ش پاڵپشتێكی‌ باش بوو بۆ مووچه‌كه‌ی‌ خۆی , هه‌روه‌ها به‌ پێی ساڵی خزمه‌ت شوێنی‌ نیشته‌جێبوونی‌ بۆ دابین ده‌كرا كه‌ ئێستا ئه‌مه‌ نه‌ماوه‌. خزمه‌تی‌ زۆركراوه‌ به‌ڵام له‌ ئاست خه‌ون و ئاواته‌كانی‌ كارمه‌ندان دا نیه‌ محه‌مه‌د ره‌ئوف كارمه‌ند له‌ بنكه‌ی‌ ته‌ندروستی‌ زڕگوێز كه‌ 25 ساڵ‌ خزمه‌تی‌ هه‌یه‌ له‌ بواری‌ ته‌ندروستیدا ئاماژه‌ به‌وه‌ ده‌كات كه‌ سه‌رباری‌ ئه‌وه‌ی‌ سه‌ندیكای‌ كارمه‌ندانی‌ ته‌ندروستی‌ كوردستان خزمه‌تێكی‌ به‌رچاوی‌ له‌ بواری‌ ته‌ندروستیدا خزمه‌تێكی‌ زۆری كردوه‌ و داكۆكی كارێكی‌ سه‌رسه‌خت بوه‌ بۆ به‌دیهێنانی‌ ماف و داخوازیه‌كانی‌ كارمه‌ندان,وه‌لێ هێشتا زۆرێك له‌ خه‌ون و ئاواته‌كانی‌ كارمه‌ندان ماون به‌دی بێن. چونكه‌ بارته‌قای‌ هه‌وڵ و ماندوو بوونی‌ كارمه‌ندان هێشتا هیچی وا نه‌كراوه‌ كه‌ به‌رچاو بێت. ئه‌و كارمه‌نده‌ به‌ ئه‌زموونه‌ی‌ بواری‌ ته‌ندروستی‌ ئه‌وه‌شی خسته‌ روو كه‌ هه‌رچی كاری‌ باشتر و مۆدێرنتر بكرێت له‌ پێناو باشتر كردنی‌ ژیان و گوزه‌رانی‌ كارمه‌ندان به‌ ئه‌ندازه‌ی‌ ئه‌ركی‌ قورسی سه‌رشانی‌ كارمه‌ندان ئه‌وا به‌ گره‌نتی‌ یه‌وه‌ كاری‌ جوانتر و باشتر له‌ فه‌رهه‌نگی‌ كاری‌ پیشه‌یی كارمه‌ندان دا ره‌نگ ده‌داته‌وه‌ و سه‌ره‌نجام به‌ سوود و قازانجی‌ نه‌خۆش و هاوڵاتیان ده‌شكێته‌وه‌. كارمه‌نده‌كه‌ی‌ بواری‌ ته‌ندروستی‌ باشتركردنی‌ موچه‌ و پێدانی‌ له‌ كاتی‌ خۆیدا و پێدانی‌ یه‌كه‌ی‌ نیشته‌جێبوون به‌ كارمه‌ندانی‌ به‌ یه‌كێكی‌ تر له‌و لایه‌نه‌ به‌رچاوانه‌ زانی‌ كه‌ ده‌توانرێت له‌ ڕێیه‌وه‌ خزمه‌تی‌ به‌رچاوی‌ كارمه‌ندانی‌ ته‌ندروستی‌ پێ بكرێت. كارمه‌ندی‌ هیچ فه‌رمانگه‌یه‌ك هێنده‌ی‌ كارمه‌ندانی‌ ته‌ندروستی‌ موعاناتی‌ نیه‌ شوكریه‌ ستار كه‌ به‌ ئاواره‌ خان ناسراوه‌ و كارمه‌نده‌ له‌ بنكه‌ی‌ ته‌ندروستی‌ كه‌نه‌سووره‌ له‌ شاری‌ سلێمانی‌ ئه‌وه‌ ده‌خاته‌ روو كه‌ ئێش و ئازاره‌كانی‌ كارمه‌ندانی‌ ته‌ندروستی‌ هێنده‌ زۆرن له‌ باسكردن نایه‌ن له‌به‌ر ئه‌وه‌ی‌ له‌گه‌ڵ‌ بینینی‌ نه‌خۆش ئه‌میش ئازار ده‌كێشێت, ئه‌و كارمه‌نده‌ی‌ ته‌ندروستی‌ كه‌ هاوكات هونه‌رمه‌ندیشه‌ بواری‌ شانۆ و دراما دا ئاماژه‌ به‌وه‌ ده‌كات كه‌ هیچ فه‌رمانبه‌رێك له‌ هیچ فه‌رمانگه‌یه‌ك هێنده‌ی‌ كارمه‌ندی‌ ته‌ندروستی‌ كێشه‌و موعاناتی‌ نیه‌, چونكه‌ به‌ بڕوای‌ ئه‌و كارمه‌ندی‌ ته‌ندروستی‌ ئازار و ئێشی نه‌خۆش به‌ ئازار و ئێشی خۆشی ده‌زانێت و خه‌می‌ بۆ ده‌خوات. كارمه‌نده‌كه‌ی‌ ته‌ندروستی‌ كه‌ به‌ وته‌ی‌ خۆی نزیكه‌ی‌ 34 ساڵ‌ له‌و بواره‌دا خزمه‌تی‌ هه‌یه‌ ده‌ڵێت له‌ بواری‌ موچه‌دا ئێستا مووچه‌ زۆرباشه‌ ئه‌گه‌ر له‌ كاتی‌ خۆیدا به‌ڵام له‌ رووی هاوتاكردنی‌ ده‌رماڵه‌ و پێدانی‌ یه‌كه‌ی‌ نیشته‌جێبوون دا حه‌قی خۆیه‌تی‌ زیاتر ئاوڕ له‌ كارمه‌ندانی‌ ته‌ندروستی‌ بدرێته‌وه‌. ده‌بێت ئه‌رك و مافی نه‌خۆش و كارمه‌ندان به‌ یاسا رێك بخرێت حامید ئه‌حمه‌د كارمه‌ندی‌ ته‌ندروستی‌ له‌ مه‌ڵبه‌ندی‌ ته‌ندروستی‌ كارێزه‌ وشك ئه‌وه‌ی‌ خسته‌ روو كه‌ به‌ بڕوای‌ كارمه‌ندانی‌ ته‌ندروستی‌ مافی نه‌خۆش له‌ مافی كارمه‌ندانی‌ ته‌ندروستی‌ له‌ پێشتر و گرنگتره‌, چونكه‌ تا ئێستا ئه‌وه‌ی‌ كه‌ هه‌یه‌ وابه‌سته‌یه‌ به‌ یاسای‌ كۆنی‌ وه‌زاره‌تی‌ ته‌ندروستی‌ عێراق و له‌ ئێستادا یاسایه‌ك نی یه‌ كاری‌ نێوان نه‌خۆش و ستافی نه‌خۆشخانه‌ رێك بخات . به‌ بڕوای‌ ئه‌و كارمه‌نده‌ی‌ ته‌ندروستی‌ گرنگترین شت له‌ ئێستا ئه‌وه‌یه‌ ئه‌م پیه‌وه‌ندیه‌ واته‌ په‌یوه‌ندی‌ نێوان نه‌خۆش و ستافی نه‌خۆشخانه‌ به‌ پڕۆژه‌ یاسایه‌ك رێك بخرێت ئه‌رك و مافه‌كانی‌ نه‌خۆش و كارمه‌ندان دیاری‌ بكرێت . كارمه‌نده‌كه‌ی‌ ته‌ندروستی‌ كه‌ نزیكه‌ی‌ 10 ساڵ‌ خزمه‌تی‌ هه‌یه‌ ده‌ڵێت ده‌بێت ده‌رماڵه‌ی‌ مه‌ترسی هاوتا بكرێت , چونكه‌ ده‌رماڵه‌ی‌ مه‌ترسی بۆ ئه‌و چینه‌ی‌ بڕوانامه‌كه‌یان به‌كالۆریۆسه‌ سه‌دا سه‌ده‌ و بۆ كارمه‌ندانی‌ ته‌ندروستی‌ سه‌دا په‌نجایه‌, له‌به‌ر ئه‌وه‌ش كه‌ ده‌رماڵه‌كه‌ ده‌رماڵه‌ی‌ مه‌ترسیه‌ و ده‌رماڵه‌ی‌ بڕواناه‌ نیه‌ بۆیه‌ ده‌بێت بۆ هه‌موان وه‌ك یه‌ك هاوتا بێت, كه‌سیش گومانی‌ له‌وه‌دا نیه‌ كه‌ كارمه‌ندی‌ ته‌ندروستی‌ زۆرترین مه‌ترسی له‌سه‌ر شانه‌ و زۆرترین مه‌ترسیه‌كان رووبه‌رووی‌ كارمه‌ندانی‌ ته‌ندروستی‌ ده‌بێته‌وه‌. ئه‌نجام ئه‌وه‌ی‌ كه‌ هه‌موو كارمه‌ندان به‌ گرنگی‌ ده‌زانن ئه‌وه‌یه‌ كه‌ رێز له‌ پیشه‌كه‌یان بگیرێت و به‌یاسا ئه‌رك و مافه‌كانیان رێك بخرێت و یاسا بۆ هه‌مووان سه‌روه‌ربێت, چونكه‌ كارمه‌ندانی‌ ته‌ندروستی‌ راسته‌وخۆ له‌گه‌ڵ‌ ژیانی‌ مرۆڤ مامه‌ڵه‌ ده‌كه‌ن, هه‌روه‌ها له‌ رووی‌ مادیشه‌وه‌ په‌راوێز نه‌خرێن و به‌پێی ماندوو بوونیان له‌ شوێنی‌ كاره‌كانیان موچه‌ و ده‌رماڵه‌ی جۆراو جۆریان پێ بدرێت, هه‌روه‌ك پێدانی‌ یه‌كه‌ی‌ نیشه‌جێبوون داواكاریه‌كی‌ سه‌رتاسه‌ری كارمه‌ندانی‌ ته‌ندروستیه‌.
ژماره‌ی بینین:
1183
به‌روار:
07/07/2014
بیروڕاکان
هیچ داتایه‌ک به‌رده‌ست نیه‌ .
کۆمێنتی خۆت بنێره‌      

زیاتر
1 بۆ 16 له‌ کۆی 25