خواردنی پڕشه‌كر، ڕۆژووگر تووڕه‌ و بێتاقه‌ت ده‌كات
ماكوان عیززه‌ت به‌ لای پزیشكانه‌وه‌ خواردنی شتی شیرینی و شه‌ربه‌ته‌ پڕشه‌كركراوه‌كانی مانگی ڕه‌مه‌زان هۆكاری تووڕه‌بوونن. له‌ نێو جه‌رگه‌ی بازار له‌ هه‌ولێر له‌ سه‌ر وه‌ستانی ئۆتۆمبێله‌كانیان دوو شوفێر توشی ده‌مه‌ قاڵی هاتن و خه‌ریك بوو به‌یه‌كدا هه‌ڵبگژێن له‌ پڕ مام حاجیه‌ك هاواریكرد شه‌رم ناتانگرێ لای خۆی ئێوه‌ مسوڵمانن و به‌ڕۆژوون. به‌هۆی ئه‌و قسه‌یه‌وه‌ شۆفێره‌كان كه‌مێك ئارامبونه‌وه‌. مام قادر عه‌لی ڕونیكرده‌وه‌ جارجار ئه‌و پێكداهه‌ڵگژانه‌ له‌ نێو ئه‌و بازاڕه‌ ڕوو ده‌دات ئه‌وه‌ش بۆ تینویه‌تی و برسێتی كه‌سه‌كان ده‌گه‌رێته‌وه‌. مام قادر له‌ ڕوی ئه‌زومونی خۆیه‌وه‌ هۆكاری شه‌ره‌كه‌ی گه‌رانده‌وه‌ بۆ تینویه‌تی و برسێتی، به‌ڵام پزیشكه‌كان هۆكاری تووڕه‌بوونی ڕۆژووگران بۆ شتێكی دیكه‌ ده‌گه‌ڕێننه‌وه‌. خواردنی شتی شیرین وه‌ك پاقلاوه‌ و زلۆبیا و شه‌ربه‌ته‌ پڕشه‌كركراوه‌كانی مانگی ڕه‌مه‌زان، به‌ لای پزیشكانه‌وه‌، هۆكاری تووڕه‌بوون. دكتۆره‌ ئه‌سما سوبحی پزیشكی ده‌روناس ڕونیكرده‌وه‌ كه‌ خۆراكه‌ پڕ شه‌كره‌كان هۆكارن بۆ ئه‌وه‌ی جوڵه‌ی مرۆڤه‌كان زیاد بكات. به‌ گوته‌ی دكتۆر سه‌باح سه‌عید، خواردنی ئه‌و خۆراكه‌ پڕشه‌كرانه‌ له‌ یه‌ك ژه‌مدا، ده‌بێته‌ هۆی بێتاقه‌تی و سه‌رسووڕان و تووڕه‌بوون و ڕه‌فتاری شه‌ڕانگێزانه‌. هه‌موو ساڵێك به‌ تایبه‌ت له‌ مانگی ڕه‌مه‌زاندا زلۆبیا و پاقلاوه‌ به‌و شیله‌ شیرینه‌ی لێیان ده‌تكێت و به‌و ڕه‌نگ زه‌رد و قاوه‌ییانه‌یان دڵ و گه‌ده‌ی ڕۆژگر شه‌یدای خۆیان ده‌كه‌ن. جگه‌ له‌ حه‌ز و ئاره‌زوو، ڕۆژووگران به‌ ئامانجی دابینكردنی وزه‌ی پێویست بۆ 16 سه‌عاتی ڕۆژ، ڕوو له‌ خواردنی شتی شیرن و پڕشه‌كر ده‌كه‌ن. دكتۆر سه‌باح ڕونیكرده‌وه‌ شتی شیرین وزه‌ی له‌ش دابین ده‌كات، به‌ڵام پێشنیار ده‌كات ئه‌و خواردنانه‌ بخۆن كه‌ شه‌كری سرووشتییان تێدایه‌. هه‌روه‌ك (هه‌نگوین، شووتی و كاڵه‌ك، خورما، تووی ته‌ڕ و تازه‌، سێوی شیرین، ترێ) ئه‌و خواردنانه‌ نه‌ك ته‌نیا شه‌كری له‌ش دابین ده‌كه‌ن، به‌ڵكوو ڕۆژووگران تا ڕادده‌یه‌كی باش له‌ تینوێتی و قه‌بزبوونیش ده‌پارێزن. وه‌ستاكان له‌ دروستكردنی زلۆبیا و پاقلاوه‌دا شه‌كرێكی زۆر به‌ كار ده‌هێنن، هه‌روه‌ها له‌ ڕۆنێكدا دروست ده‌كرێن كه‌ چه‌ندین جار به‌ كار هاتووه‌ته‌وه‌ و سووتاوه‌. به‌ گوته‌ی پزیشكان ئه‌گه‌ری دروستبوونی ژه‌هر له‌و ڕۆنه‌دا هه‌یه‌ كه‌ ده‌بێته‌ هۆی شێرپه‌نجه‌ی ڕیخۆڵه‌. هه‌ر بۆیه‌ هۆشداری ده‌ده‌نه‌ خه‌ڵك تا ده‌توانن خۆیان له‌ خواردنیان بپارێزن. د. سه‌باح سه‌عید گوتی: كاتێك ڕۆژووگران ڕۆژووه‌كه‌یان به‌ شتی پڕشه‌كر ده‌كه‌نه‌وه‌، تینوێتییشیان زیاتر ده‌بێت و ئاوێكی زۆر له‌گه‌ڵ خواردندا ده‌خۆنه‌وه‌، هه‌ر بۆیه‌ خواردنه‌وه‌ی ئه‌و هه‌مووه‌ ئاوه‌ ده‌بێته‌ هۆی ئه‌وه‌ی كه‌ خه‌ستایی ئه‌سیدی گه‌ده‌ كه‌م ببێته‌وه‌ و نه‌توانێت به‌ باشی خواردنه‌كه‌ هه‌رس بكات. د. سه‌باح جه‌ختیكرده‌وه‌ به‌و شێوازی خواردنه‌ پڕ شه‌كرانه‌ی كه‌ په‌یره‌و ده‌كرێت ده‌بێته‌ هۆی ژانی سك و ناڕه‌حه‌تیی گه‌ده‌. هه‌رچه‌نده‌ به‌ گوێره‌ی زانستی پزیشكی ئه‌و خواردنه‌ پڕشه‌كرانه‌ له‌ مانگی ڕه‌مه‌زاندا بۆ ڕۆژووگران ڕه‌ت ده‌كرێنه‌وه‌ و ئامۆژگاری ڕۆوگران ده‌كرێت لێیان وه‌دور بكه‌ون، به‌ڵام ئه‌مه‌ مانای ئه‌وه‌ نییه‌ كه‌ شتی شیرین هه‌مووی خراپ بێت، به‌ڵكوو ئه‌وان پێیان وایه‌ كه‌ له‌ كاتی به‌ربانگدا له‌ش به‌ تایبه‌ت خانه‌كانی مێشك پێویستییان به‌ وزه‌ی شیرینی هه‌یه‌، به‌ڵام شیرینیی سرووشتی. واته‌ خورما، كشمیش و هه‌موو میوه‌ شیرینه‌كان.
ژماره‌ی بینین:
1151
به‌روار:
07/07/2014
بیروڕاکان
هیچ داتایه‌ک به‌رده‌ست نیه‌ .
کۆمێنتی خۆت بنێره‌      

زیاتر
1 بۆ 16 له‌ کۆی 25