له‌ پێناو گه‌شه‌كردن به‌ توانا زانستیه‌كانی‌ كارمه‌ندان حكومه‌تی‌ هه‌رێم چه‌ندین خولی‌ زانستی‌ ده‌كاته‌وه‌
ئه‌رشه‌د ته‌حسین له‌ درێژه‌ی‌ بایه‌خ و گرنگی‌ دانه‌كانی‌ حكومه‌تی‌ هه‌رێم و وه‌زاره‌تی‌ ته‌ندروستی‌ به‌ كه‌رتی‌ ته‌ندروستی‌ و له‌ پێناو به‌رزكردنه‌وه‌ی‌ ئاستی‌ تواناكانی‌ كارمه‌ندانی‌ ته‌ندروستی‌, وه‌زاره‌تی‌ ته‌ندروستی‌ چه‌ندین خول و سیمیناری‌ جۆراوجۆری له‌ ناوخۆ و ده‌ره‌وه‌ی‌ هه‌رێم به‌ ئه‌نجام گه‌یاندووه‌. له‌و چوارچێوه‌یه‌ش دا ژماره‌یه‌ك خولی‌ زانستی‌ له‌ ده‌ره‌وه‌ی‌ وڵات بۆ كارمه‌ندانی‌ ته‌ندروستی‌ سازداوه‌ و كارمه‌ندان ی‌ ته‌ندروستی و به‌شدابووانیش ئه‌م جۆره‌ خولانه‌ به‌ گرنگ و پڕ به‌ها بۆ بره‌ودان به‌ توانا وشاره‌زاییه‌كانی‌ كارمه‌ندان له‌ قه‌ڵه‌م ده‌ده‌ن. لێره‌دا ده‌مانه‌وێت راو سه‌رنجی‌ ژماره‌یه‌ك له‌و كارمه‌نده‌ به‌شداربووانه‌ وه‌ربگرین و بزانین بۆچوونی‌ ئه‌وان له‌ باره‌ی‌ ئه‌و خولانه‌وه‌ چۆنه‌. ئه‌م خولانه‌ گرنگن بۆ بره‌ودان به‌ تواناكانی‌ كارمه‌ندان خوناو ئه‌حمه‌د ئیبراهیم كارمه‌ند له‌ نه‌خۆشخانه‌ی‌ گشتی‌ رانیه‌ و به‌شداربووی‌ یه‌كێك له‌و خولانه‌ی‌ كه‌ له‌ مانگی‌ ئایاری‌ رابردوو له‌ وڵاتی‌ ئه‌رده‌ن به‌ڕێوه‌چوو ئاماژه‌ی‌ به‌ گرنگی‌ ئه‌م جۆره‌ خولانه‌دا و ئه‌وه‌ی‌ خسته‌ روو كه‌ ئه‌م خولانه‌ زۆر گرنگ وپڕ به‌هان بۆ به‌رزكردنه‌وه‌ی‌ توانا وئاستی‌ زانستی‌ كارمه‌ندانی‌ ته‌ندروستی‌. ئه‌مه‌ش واده‌كات كارمه‌ندانی‌ ته‌ندروستی‌ زیاتر په‌ره‌ به‌تواناكانیان بده‌ن و له‌و رێیه‌شه‌وه‌ زیاتر خزمه‌ت به‌ نه‌خۆشه‌كانیان بكه‌ن و ببنه‌ مایه‌ی‌ ره‌واندنه‌وه‌ی‌ ئێش و ئازاره‌كانیان و باری سه‌رشانیان سووك بكه‌ن. له‌به‌ر ئه‌وه‌ی‌ تا كارمه‌ندانی‌ ته‌ندروستی‌ پڕ زانیاری‌ تر بن ئه‌وا ده‌ست كراوه‌تر ده‌بن له‌ به‌كارهێنانی‌ ئاسانترین و گونجاوترین رێگا بۆ ره‌واندنه‌وه‌ی‌ خه‌مه‌كانی‌ نه‌خۆش. سوود وه‌رگرتنه‌ له‌ توانا و شاره‌زایی وڵاتانی‌ تر مونیره‌ عوسمان كارمه‌ند له‌ نه‌خۆشخانه‌ی‌ سووتاوی‌ و جوانكاری‌ سلێمانی‌ و به‌شداربوویه‌كی‌ تری یه‌ك له‌و خولانه‌ی‌ كه‌ له‌ ده‌ره‌وه‌ی‌ وڵات كرابوه‌وه‌ ئه‌وه‌ی‌ روون كرده‌وه‌ كه‌ ئه‌م خولانه‌ پڕ به‌هان به‌تایبه‌ت له‌ رووی سوود وه‌رگرتنه‌وه‌ له‌ توانا و شاره‌زایی وڵاتانی‌ تر له‌ بواری‌ فكری و سایكۆلۆژیه‌وه‌,هه‌ربۆیه‌ ده‌بێت ئه‌م خولانه‌ به‌رده‌وام بن و به‌ره‌و پێش بچن و گرنگی‌ زیاتریان پێ بدرێت , ئه‌و كارمه‌نده‌ به‌شداربووه‌ پێشی باش بوو كه‌ پێش ده‌ست پێكردن به‌م خولانه‌ خولی‌ زمانی‌ ئینگلیزی‌ بۆ كارمه‌ندان بكرێته‌وه‌ چونكه‌ زۆربه‌ی‌ خوله‌كان به‌ زمانی‌ ئینگلیزی‌ بوون . ئه‌م جۆره‌ خولانه‌ فێبوونی‌ ئه‌زموونن بۆ هه‌رێمی‌ كوردستان رێكار ئه‌حمه‌د له‌ نه‌خۆشخانه‌ی‌ شه‌هیدانی‌ قه‌ڵادزێ و یه‌كێكی‌ تره‌ له‌ به‌شداربوانی‌ ئه‌م خولانه‌ هاوڕای‌ هاوكاره‌كه‌یتی‌ و ئه‌وه‌ی‌ خسته‌ روو كه‌ ئه‌م خولانه‌ له‌ رووی ئه‌كادیمیشه‌وه‌ گرنگن ,له‌م جۆره‌ كارانه‌دا سوود له‌ ئه‌زموونی‌ وڵاتانی‌ تر وه‌رده‌گرین له‌ پێناو چاره‌سه‌ركردنی‌ ئێش و ئازاره‌كانی‌ نه‌خۆش چونكه‌ هه‌ست ده‌كه‌ی‌ شێوازی‌ گرنگی‌ پێدانی‌ وڵاتانی‌ تر چۆنه‌ بۆ نه‌خۆش و تۆش له‌ وڵاتی‌ خۆت پیاده‌ی‌ ده‌كه‌یت , هه‌روه‌ك ئه‌وه‌ش تێده‌گه‌یت كه‌ مافی نه‌خۆش چیه‌ و چۆن دابین ده‌كرێت و چۆن پاداشتی‌ كارمه‌ندانیش له‌لایه‌ن حكومه‌ت و لایه‌نی‌ په‌یوه‌ندیداریشه‌وه‌ ده‌درێته‌وه‌ . چونكه‌ له‌ وڵاتان له‌سه‌ر بنه‌مای‌ توانا و دڵسۆزی‌ و چالاكی‌ كارمه‌ندان هه‌ڵده‌سه‌نگێندرێن و هه‌ر له‌سه‌ر ئه‌م بنه‌مایه‌ش پاداشت ده‌كرێن و ئیمتیازیاتیان پێده‌درێت . ئه‌م خولانه‌ له‌ بواری‌ باشتر كردنی‌ كه‌رتی‌ ته‌ندروستیدا بایه‌خدارن گۆران محمد كارمه‌ند له‌ نه‌خۆشخانه‌ی‌ شار و یه‌كێكی‌ تر له‌ به‌شداربووانی‌ ئه‌م خولانه‌ ئه‌وه‌ی‌ خسته‌ روو كه‌ ئه‌م خولانه‌ له‌ رووی پڕاكتیكیه‌وه‌ گرنگی‌ خۆیان هه‌یه‌ چ له‌ رووی مامه‌ڵه‌كردنی‌ كارمه‌ندان له‌گه‌ڵ‌ نه‌خۆش یان له‌ رووی شێوازی‌ چاره‌سه‌ركردنه‌وه‌ بێت , هه‌روه‌ك ئه‌م خولانه‌ سوودی‌ باشیان هه‌یه‌ بۆ باشتركردنی‌ كه‌رتی‌ ته‌ندروستی‌ له‌ هه‌رێمی‌ كوردستان و هه‌وڵدان بۆ جێبه‌جێكردنی‌ ئه‌و زانیاریانه‌ی‌ له‌و خولانه‌دا فێرده‌بین . ئه‌و كارمه‌نده‌ به‌شداربووه‌ هۆكاری‌ جیاوازی‌ سیسته‌می‌ ته‌ندروستی‌ كوردستان و وڵاتانی‌ تری بۆ ئه‌وه‌ گه‌ڕانده‌وه‌ كه‌ له‌ وڵاتان به‌رده‌وام خول و سیمینار و مه‌شقی جۆرا و جۆر بۆ كارمه‌ندان ده‌كرێته‌وه‌ و به‌رده‌وام كارمه‌ندان به‌ زانیاری‌ نوێ و جۆراو جۆر بارگاوی‌ ده‌كرێن. ده‌كرێت ئه‌م خولانه‌ له‌ ناوه‌وه‌ی‌ كوردستانیش بكرێنه‌وه‌ تارا ئاراس له‌ نه‌خۆشخانه‌ی‌ شه‌هید دكتۆر هێمنی‌ هه‌ناوی‌ و به‌شداربویه‌كی‌ تری ئه‌و خولانه‌ بۆ چوونێكی‌ جیاوازی‌ هه‌یه‌ , ئه‌و پێی وایه‌ ده‌كرێت به‌ ئه‌و بودجه‌یه‌ی‌ كه‌ له‌م بواره‌دا ته‌رخان ده‌كرێت ده‌توانرێت له‌ ناوخۆی وڵات دا خولی‌ زیاتری پێ بكرێته‌وه‌ به‌ جۆرێك كارمه‌ندی‌ زیاتر به‌شدار بن و لێی سوودمه‌ند بن و خۆشمان كارمه‌ندی‌ زۆر به‌توانا و چالاكمان هه‌یه‌ ده‌كرێت له‌و روه‌وه‌ خزمه‌تیان بكه‌ین , چونكه‌ وڵاتانی‌ رۆژهه‌ڵاتی‌ ناوه‌راست تێكڕا سیسته‌می‌ ته‌ندروستیان له‌یه‌كه‌وه‌ نزیكه‌, سه‌رباری‌ ئه‌وه‌ش ناكرێت سیسته‌می‌ وڵاتی‌ خۆمان به‌ كه‌م ته‌ماشابكه‌ین به‌ڵكو ده‌بێت ئه‌وه‌مان له‌به‌رچاو بێت ئێمه‌ له‌ رووی ژماره‌ی‌ ستافه‌وه‌ كه‌م و كوریمان هه‌یه‌ له‌ چاو زۆری كارمه‌ندی‌ ناوه‌ندی‌ ته‌ندروستی‌ له‌ وڵاتانی‌ تردا, زۆرێك له‌ نه‌خۆشخانه‌ گه‌وره‌كانمان به‌ ژماره‌یه‌كی‌ كه‌م له‌ كارمه‌ندان به‌ڕێوه‌ ده‌چن كه‌ ئه‌مه‌ش ئه‌ركێكی‌ زۆرتر و قورستر ده‌خاته‌ ئه‌ستۆی كارمه‌ندان . به‌رپرسی هۆبه‌ی‌ په‌رستاران : سه‌ركه‌وتوو بووینه‌ و په‌ره‌ی‌ پێده‌ده‌ین . سه‌روه‌ر عه‌زیز به‌رپرسی هۆبه‌ی‌ په‌رستاران له‌ به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی‌ ته‌ندروستی‌ سلێمانی‌ پێی راگه‌یاندین ئه‌م زنجیره‌ خوله‌ به‌ چوار قۆناغی‌ جیاواز به‌ڕێوه‌ ده‌چن و له‌ قۆناغی یه‌كه‌م دا 27 كارمه‌ند و له‌ قۆناغی دووه‌م دا 29 كارمه‌ند و له‌ قۆناغی سێیه‌میشدا 15 كارمه‌ند له‌ سنووری‌ پارێزگای‌ سلێمانی‌ سوود مه‌ندبوونه‌ و قۆناغی چواره‌میش له‌ دوای‌ مانگی‌ ره‌مه‌زان به‌ڕێ ده‌كه‌ون. سه‌باره‌ت به‌و به‌شانی‌ كه‌ كارمه‌ندان خوله‌كانیان تێدا بینیوه‌ به‌رپرسی هۆبه‌ی‌ په‌رستاران وتی‌ به‌شه‌كان جیاوازن بۆ نمونه‌ به‌شی سووتاوی‌, نه‌خۆشیه‌كانی‌ گورچیله‌, نه‌شته‌رگه‌ری‌ برینداری‌, ICU وه‌ CCU... هه‌روه‌ها جه‌ختیشی له‌وه‌ كرده‌وه‌ كه‌ له‌ ئه‌نجامی‌ ئه‌وه‌ی‌ دوای‌ هه‌ر خولێك هه‌ڵسه‌نگاندنی‌ خۆیان بۆ خوله‌كان و به‌شداربووان كردوه‌ بۆیان ده‌ركه‌وتووه‌ ئه‌م خولانه‌ سوود به‌خشن و سه‌ركه‌وتنیان به‌ده‌ست هێناوه‌ بۆیه‌ له‌به‌رنامه‌یان دایه‌ كه‌ له‌ داهاتوودا به‌رده‌وام بن و په‌ره‌ی پێ بده‌ن.
ژماره‌ی بینین:
1263
به‌روار:
29/06/2014
بیروڕاکان
هیچ داتایه‌ک به‌رده‌ست نیه‌ .
کۆمێنتی خۆت بنێره‌      

زیاتر
1 بۆ 16 له‌ کۆی 25