گرنگی سه‌ندیكا و كارمه‌ندانی‌ ته‌ندروستی‌ له‌ ناوه‌نده‌ ته‌ندروستیه‌كانی‌ شاری كه‌ركووكدا
ئا: عيرفان تاقانه‌: بێگومان كارمه‌ندانی‌ ته‌ندروستی‌ ئه‌و توێژه‌ گرنگه‌ی‌ ناوه‌ندی ته‌ندروستین كه‌ زۆربه‌ی ئه‌ركه‌كانیان كه‌وتۆته‌ ئه‌ستۆ شه‌و ورۆژ له‌ خزمه‌تكردنی‌ هاوڵاتیاندان و خزمه‌ت به‌ مرۆڤایه‌تی ده‌كه‌ن، بێوچان له‌ ئێشكگرتن و شه‌ونخونیدا بۆ خۆشگوزه‌رانی و سه‌لامه‌تی ته‌ندروستی‌ هاوڵاتیان، به‌ڵام به‌داخه‌وه‌ تاكو ئێستامافه‌كانی‌ كارمه‌ندانی‌ ته‌ندروستی‌ وه‌ك پێویست له‌لایه‌ن ناوه‌نده‌كانی‌ بڕیاره‌وه‌ گوێیان جێبه‌جینه‌كراوه‌ هه‌ربۆیه‌ سه‌ندیكای‌ كارمه‌ندانی‌ ته‌ندروستی‌ كوردستان وه‌ك زه‌روره‌تیكی مێژووی هاته‌ بوون و پێویسته‌ له‌ ناوه‌نده‌كانی‌ بڕیار و ده‌سه‌ڵاتدا كاریگه‌ری هه‌بێت و فشاری رێكخراوه‌یی دروست بكات بۆ ده‌سته‌به‌ركردنی‌ داواكارییه‌كانی‌ كارمه‌ندانی‌ ته‌ندروستی‌ و له‌ هه‌مانكاتدا پێشخستنی‌ ناوه‌ندی ته‌ندروستی‌ و خزمه‌تكردنی زیاتری هاوڵاتیان هه‌ربۆیه‌ له‌م ریپۆرتاژه‌مان له‌ شاری كه‌ركووك ئه‌م پرسه‌مان له‌گه‌ڵ چه‌ند كارمه‌ندێكی‌ ته‌ندروستی‌ تاوتوێكرد: • بوونی‌ كارمه‌ندی‌ ته‌ندروستی‌ تاچ ڕاده‌یه‌ك پێویسته‌ له‌ناو ده‌زگاته‌ندروستییه‌كان؟ • تاچ ڕاده‌یه‌ك بڕوات به‌وه‌هه‌یه‌ كارمه‌ندی‌ ته‌ندروستی‌ پۆستی‌ پیشه‌یی‌ وئیداری‌ باڵای‌ هه‌بێت؟ • تاچ ڕاده‌یه‌ك كارمه‌ندی‌ ته‌ندروستی‌ مافی‌ خۆی‌ پێدراوه‌؟ • تاچ ڕاده‌یه‌ك سه‌ندیكای‌ كارمه‌ندانی‌ ته‌ندروستی‌ كوردستان پێویسته‌ له‌ناو ده‌زگا ته‌ندروستێكاندا؟ • سه‌ندیكای‌ كارمه‌ندانی‌ ته‌ندروستی‌ كوردستان توانیویێتی‌ داكۆكی‌ له‌مافی‌ كارمه‌ندانی‌ ته‌ندروستی‌ بكات؟ • به‌ڕای‌ تۆ بڕو ات به‌بوونی‌ سه‌ندیكای‌ كارمه‌ندانی‌ ته‌ندروستی‌ كوردستان هه‌یه‌ به‌شێوه‌یه‌كی‌ شه‌رعی‌ وفه‌رمی‌ له‌ناو ده‌زگا ته‌ندروستیه‌كانی‌ شاری‌ كه‌ركووكدا كاربكات؟ به‌یان محه‌مه‌د سه‌لیم محه‌مه‌د، په‌رستاری‌ كارامه‌ له‌ نه‌خۆشخانه‌ی‌ مناڵان وتی‌: هاوسه‌نگی‌ نه‌خۆشخانه‌ له‌ ڕوی‌ كاری‌ پزیشكیه‌وه‌ له‌سه‌رپزیشك وكارمه‌ند وه‌ستاوه‌ بۆگه‌یاندنی‌ خزمه‌ت گوزاری‌ بۆنه‌خۆش بۆیه‌ كارمه‌ندی‌ ته‌ندروستی‌ زۆر پێویسته‌ له‌ناو ده‌زگا ته‌ندروستێكاندا. هه‌روه‌ها پێویسته‌ كارمه‌ندی‌ ته‌ندروستی‌ پۆستی‌ ئیداری‌ و پیشه‌یی‌ باڵای‌ هه‌بێت و زۆریش سه‌ركه‌وتوو ده‌بێت به‌تایبه‌تی له‌لادێ‌ دووره‌كان ئه‌و راستیه‌ به‌ته‌واوی‌ به‌رجه‌سته‌بووه‌ به‌ڵام به‌داخه‌وه‌ له‌ناو شار زۆركه‌مه‌. به‌داخه‌وه‌ ئه‌لێم تا ئێستاكه‌ شتی‌ زۆكه‌ممان بۆكراوه‌ زۆریش ماوه‌ بكرێت بۆ نمونه‌ تائێستاكه‌ نه‌ پا رچه‌ زه‌وی‌ یه‌كم وه‌رگرتووه‌ نه‌ده‌وره‌یه‌كی‌ ده‌ره‌وه‌ی‌ ووڵاتم بینیوه‌ . بێگومان بوونی‌ سه‌ندیكا زۆرچاكه‌، له‌به‌رئه‌وه‌ی‌ پاڵپشتی‌ داواكاری‌ كارمه‌ندانه‌ و ڕۆڵی‌ خۆیان بینیوه‌ به‌ڕاستی‌. تاكو ئێستاكه‌ داكۆكی‌ كردوه‌ به‌ڵام چاوه‌ڕوانی‌ زیاتریان لی‌ ده‌كه‌ین. وه‌كو كوردێك پێم چاكه‌ سه‌ندیكا شه‌رعیه‌تی‌ هه‌بێت وكه‌ركووك جیانه‌كه‌نه‌وه‌ له‌كوردستان وپێمان چاكه‌ وه‌كو چۆن له‌كوردستان كارده‌كه‌ن ئاوهاش له‌كه‌ركووك باڵا ده‌ست بن. ڕزگار فاتح حه‌مه‌ عه‌لی‌، ی‌.پزیشك له‌ نه‌خۆشخانه‌ی‌ گشتی‌ كه‌ركووك هه‌ر سه‌باره‌ت به‌و پرسانه‌ وتی‌: به‌ڕاستی‌ كارمه‌ندانی‌ ته‌ندروستی‌ له‌ ناو سه‌رجه‌م ده‌زگا ته‌ندروستێكاندا بوونیان زۆر پێوسته‌ وده‌بێت ئه‌رك وماندوبوونیان به‌هه‌ند وه‌ر بگیرێ‌ وستایشی‌ شه‌ونخونی‌ وكاره‌جوانه‌كانیان بكرێت .به‌واتایه‌كی‌ تر ئه‌گه‌ر كارمه‌ند نه‌بێت ئه‌وه‌ نه‌خۆشخانه‌ كان ده‌بێت كاره‌ ته‌ندروستێكان تێیدا ڕابگیرێت وده‌بێت ئوتێل. به‌هه‌مووشێوه‌یه‌ك له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌دام كه‌ كارمه‌ندی‌ ته‌ندروستی‌ پۆستی‌ باڵای‌ هه‌بێت له‌ناو ده‌زگا ته‌ندروستێكاندا له‌ به‌ر ئه‌وه‌ی‌ ئه‌گه‌ر كێشه‌و گازنده‌یه‌كمان هه‌بێت .كارمه‌ندێكی‌ هاو پیشه‌ی‌ خۆم چاكتر لێم تێده‌گات وكۆنترۆڵی‌ كێشه‌كان ئاسان ترئه‌بێت بۆیه‌ جێگری‌ به‌ڕێوه‌به‌ره‌كان به‌پێویست ده‌زانم كه‌ كارمه‌ندی‌ ته‌ندروستی‌ بێت به‌هیچ شێوه‌یه‌ك كارمه‌ندی‌ ته‌ندروستی‌ له‌كه‌ركووك ئاوات وخۆزگه‌كانی‌ نه‌هاتۆته‌ دی‌ ومافه‌كانی‌ ده‌سته‌به‌رنه‌كراوه‌ بۆنمونه‌ .من نزیكه‌ی‌ [30]ساڵ خزمه‌تم هه‌یه‌ به‌راود له‌گه‌ڵ كارمه‌ندانی‌ ته‌ندروستی‌ هه‌رێم هیچم بۆنه‌كراوه‌ .به‌ڵام وه‌كو مه‌عنوی‌ ئێستاهه‌ست ده‌كه‌م خه‌ڵكی‌ شاره‌كه‌ی‌ خۆمم چونكی‌ له‌ یه‌كه‌م دامه‌زراندنم ته‌نهاوته‌نها له‌ به‌رئه‌وه‌ی‌ كوردبووم نه‌یان هێشت خزمه‌تی‌ شاره‌كه‌ی‌ خۆم بكه‌م ناوه‌كه‌م له‌ ناوچه‌ كانی‌ {بلدوعباسی‌ وتكریت}هاته‌وه‌ .ئێستاش له‌سایه‌ی‌ حكومه‌تی‌ كوردستان وڕوخانی‌ دكتاتۆر. زۆرئاسوده‌م وهه‌مووشتێكیش هه‌رماده‌ نیه‌ گرنگ ئه‌وه‌یه‌ كه‌س ناتوانێت سته‌ممان لێبكات. به‌هه‌موو شێوه‌یه‌ك سه‌ندیكای‌ كارمه‌ندانی‌ ته‌ندروستی‌ كوردستان پێویسته‌ له‌ناوده‌زگا ته‌ندروستێكاندا به‌ڕای‌ من ئه‌گه‌ر به‌راوردێك له‌ نێوان كارمه‌ ندانی‌ ته‌ندروستی‌ كوردستان وكارمه‌ندانی‌ ناوه‌ڕاست وخواروی‌ ئێراق بكه‌ین ئه‌وه‌ ئه‌و جیاوازیه‌ ده‌بینین .به‌ڵام شاری‌ كه‌ركووك به‌هۆی‌ بارودۆخ وتایبه‌ت مه‌ندی‌ شاره‌كه‌مانه‌وه‌ هێشتا ماومانه‌ سه‌ندیكاكه‌مان وه‌ك كوردستان ده‌سه‌ڵاتی‌ ڕه‌های‌ هه‌بێت له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ شدا له‌ هه‌وڵی‌ به‌رده‌وام دایه‌ . سه‌ندیكای‌ كارمه‌ندانی‌ ته‌ندروستی‌ كوردستان داكۆكی‌ كاری‌ ڕاسته‌ قینه‌ی‌ كارمه‌ندانه‌ له‌كه‌ركووك. به‌ڵام وه‌كو پێشتر ئاماژه‌م پێكرد فره‌ نه‌ته‌وه‌و فره‌ئاین و مه‌زهه‌به‌ كه‌ركووك .زۆرجار ده‌بنه‌ كۆسپ له‌ڕێگای‌ سه‌ندیكای‌ كارمه‌ندان له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا سه‌ندیكا به‌رده‌وام بوه‌ له‌هه‌ وڵه‌كانی‌ خۆی‌ وبوونی‌ هه‌بوه‌ له‌كاتی‌ پێویستدا به‌بێ‌ گوێ‌ دانه‌ نه‌ته‌وه‌و لایه‌ن ومه‌زهه‌ب. به‌ڵێ‌ ئێمه‌ سودمان له‌هاوكاری‌ وڕێنمایی وهه‌وڵه‌كانیان وه‌رگرتوه‌و لقی‌ كه‌ركووكی‌ سه‌ندیكاكه‌مان به‌شێكه‌ له‌ سه‌ندیكای‌ كارمه‌ندانی‌ ته‌ندروستی‌ كوردستان وكه‌ركووكیش به‌شێكه‌ له‌لا شه‌ی‌ كوردستان جیا ناكرێته‌وه‌ بۆیه‌ بڕوای‌ ته‌واوم پێیه‌تی‌ به‌حوكمی‌ ئه‌وه‌ش كه‌ پێگه‌یه‌كی‌ جه‌ماوه‌ری‌ فراوانی‌ له‌ ناو سه‌رجه‌م پێكهاته‌كانی‌ كارمه‌ندان هه‌یه‌ و هه‌ر ئه‌و هۆیه‌شه‌ تاكو ئێستاكه‌ هیچ ڕێكخراوێكی‌ پیشه‌یی‌ تر نه‌یتوانیوه‌ شان به‌شانی‌ سه‌ندیكای‌ كارمه‌ندانی‌ ته‌ندروستی‌ كوردستان له‌ناو شاری‌ كه‌ركووك دا هه‌بێت وكاربكات له‌به‌ر ئه‌م هۆیانه‌ پێویسته‌ شه‌رعییه‌تی‌ ڕه‌های‌ هه‌بێت له‌ ناو ده‌زگا ته‌ندروسته‌كانی‌ شاری‌ كه‌ركووك هه‌روه‌ها له‌ درێژه‌ی‌ ریپۆرتاژه‌كه‌ماندا چاومان كه‌وت به‌ تاهر جبار قادر، په‌رستاری‌ كارامه‌ له‌به‌شی‌ فریاكه‌وتن له‌ نه‌خۆشخانه‌ی‌ گشتی‌ كه‌ركووك له‌راستیدا چۆن ئه‌ڵین چه‌پڵه‌ به‌یه‌ك ده‌ست لێ نادرێت مه‌به‌ستم ته‌نها دكتۆره‌ به‌ڕێزه‌كان ناتوانن كاربكه‌ن .واتا كارمه‌ندانی ‌ته‌ندروستی‌ زۆر پێویسته‌ له‌ناوده‌زگا ته‌ندروستیه‌كاندا له‌به‌ر ئه‌وه‌ی‌ كارمه‌ندی‌ ته‌ندروستی‌ به‌درێژایی‌ (24)كاتژمێر له‌ گه‌ڵ نه‌خۆشدایه‌ له‌دكتۆر زیاتر په‌یوه‌سته‌ به‌نه‌خۆشه‌وه‌.به‌شێوه‌یه‌كی‌ گشتی‌ ئێمه‌ تیمێكی‌ تۆكمه‌ی‌ ته‌واو كاری‌ یه‌كترین به‌ڵام كارمه‌ندی‌ ته‌ندروستی‌ له‌هه‌موی‌ ماندوتره‌ به‌رای‌ من نزیكه‌ی‌ (95%)ی‌ نه‌خۆشخانه‌و بنكه‌ته‌ندروستییه‌كان له‌ كارمه‌ندی‌ ته‌ندروستی‌ پێكهاتووه‌. له‌ڕاستیدا پۆستی‌ پیشه‌یی‌ و ئیداری‌ هه‌یه‌ به‌ڵام ده‌بێت پۆسته‌كه‌ ده‌سه‌ڵاتی‌ زیاتری‌ بده‌نێ‌ وله‌ ئاستی‌ پێویسدا نیه‌ له‌كه‌ركووك كارمه‌ندی‌ ته‌ندروستی‌ له‌هه‌موومافێك بێبه‌شن جگه‌له‌ مووچه‌ی‌ مانگانه‌ی‌ خۆی‌ نه‌بێ‌ له‌هه‌مو مافێكی‌ فه‌رمانبه‌ری‌ بێبه‌شن، وه‌كو پێویست زۆر پێویسته‌ له‌به‌ر ئه‌وه‌ی‌ كارمه‌ندان خۆی‌ ئێستا مافه‌كانمان خوراوه‌ ئه‌گه‌ر سه‌ندیكا نه‌بێت ئه‌وه‌ مافه‌كانمان ئه‌وه‌نده‌ی‌ تر وون ئه‌بێت له‌ناو دام وده‌زگا ته‌ندروسته‌كاندا. به‌ڕاستی‌ من وه‌كو خۆم بڕوام هه‌یه‌ له‌به‌ر ئه‌وه‌ی‌ كه‌ركووك یه‌ك لایی‌ نه‌بۆته‌وه‌ بۆسه‌لماندنی‌ كوردستانیه‌تی‌ كه‌ركوك سه‌ندیكا زۆرپێویسته‌. سه‌ندیكا داكۆكی‌ ده‌كه‌ن وهه‌مو كاتێك داكۆكیان كردوه‌ چه‌ندین جار مانگرتنیان راگه‌یاندووه‌ به‌یانامه‌یان ده‌ركردووه‌و ئه‌گه‌رپێویستی‌ كردبێت وهه‌وڵی‌ دابین كردنی‌ زه‌وی‌ یان داوه‌ بۆكارمه‌ند به‌ڵام له‌به‌ر ئه‌وه‌ی‌ لایه‌نی‌ جێبه‌جێ‌ كارنین به‌داخه‌وه‌ نه‌یان توانیوه‌ وه‌كو پێویست بگه‌نه‌ ئه‌نجام. هه‌ر له‌ درێژه‌ی پرسیار ‌كردنماندا بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ و روونكردنه‌وه‌ی‌ زیاتر له‌سه‌ر رۆڵی‌ كارمه‌ندی‌ ته‌ندروستی‌ و گرنگی سه‌ندیكا له‌ناو شاری كه‌ركووك عمران محمد حسن، په‌رستیاری‌ په‌یمانگا له‌نه‌خۆشخانه‌ی‌ ئازادی‌ فێركاری‌ كه‌ركووك دواند و وتی: تاڕاده‌یه‌كی‌ زۆر گرنگه‌ له‌ناو ده‌زگا ته‌ندروستێكاندا له‌به‌ر ئه‌وه‌ی‌ شاده‌ماری‌ نه‌خۆشخانه‌و ده‌زگا ته‌ندروستێكانه‌و له‌گه‌ڵ دكتۆره‌ به‌ڕێزه‌كاندا ته‌واو كه‌ری‌ یه‌كترین.به‌بێ‌ كارمه‌ند ناتوانرێ‌ خزمه‌ت به‌نه‌خۆش بگات. به‌ڕای‌ من پۆستی‌ ئیداری‌و پیشه‌یی‌ باڵا زۆر پێویسته‌ له‌ناو فه‌رمانگه‌ونه‌خۆشخانه‌كاندا زۆرپێویسته‌ كه‌جێگری‌ به‌ڕێوه‌به‌ری‌ گشتی‌ ونه‌خۆشخانه‌كان كارمه‌ندی‌ ته‌ندروستی‌ بێت وه‌كو چۆن ئاماژه‌مان پێكرد بۆخزمه‌ت كردنی‌ نه‌خۆش به‌پێویستمان زانی‌ به‌هه‌مان شێوه‌ بۆداواكاری‌ مافه‌كانمان پێویسته‌ له‌ پۆسته‌ ئیدارێكانیش پشكی‌ ته‌واو مان هه‌ بێت به‌داخه‌وه‌ هیچ مافێكی‌ پێ نه‌دراوه‌ ته‌نها موچه‌كه‌یه‌و ئه‌وه‌تا دواده‌كه‌وێ وئه‌گه‌ر زه‌ویش بڵێ ی‌ ئه‌وه‌ هه‌رباسی‌ مه‌كه‌. سه‌ندیكای‌ كارمه‌ندانی‌ ته‌ندروستی‌ كوردستان به‌ڕاستی‌ پێویسته‌ له‌ناو ده‌زگا ته‌ندروستێكاندا له‌ به‌ر ئه‌وه‌ی‌ ده‌نگ وپشتی‌ كارمه‌ندانه‌ وپردی‌ په‌یوه‌ندی‌ نێوان كارمه‌ندو ئیداره‌و فه‌رمانگه‌ی‌ ته‌ندروستی‌ وتاكو وه‌زاره‌تی‌ ته‌ندروستیش له‌ كاتی‌ پێویست دا . به‌شێوه‌یه‌كی‌ گشتی‌ سه‌ندیكا به‌رده‌وام داكۆكیان كردوه‌ له‌مافه‌كانمان هه‌ركات سكاڵایه‌ك پێشنیارێك مان بوبێت وه‌كو كارمه‌ند به‌تاك یاخودكێشه‌ی‌ كۆی‌ كارمه‌ندان سه‌ندیكا هاتوه‌ به‌ده‌نگمانه‌وه‌ و هه‌وڵی‌ چاره‌ سه‌ركردنیان داوه‌. بێگومان ئێمه‌ وه‌كو كارمه‌ندان به‌گشتی‌ جگه‌ له‌ سه‌ندیكای‌ كارمه‌ندانی‌ ته‌ندروستی‌ كوردستان هیچ سه‌ندیكاو لایه‌نی‌ تر به‌ داكۆكی‌ كاری‌ ڕاسته‌قینه‌ی‌ خۆمان نازانین له‌ شاری‌ كه‌ركووك بۆیه‌پێویسته‌ و زۆریش به‌گرنگی‌ ده‌زانین بونی‌ سه‌ندیكا به‌شێوه‌یه‌كی‌ فه‌رمی‌ هه‌بێت له‌ناو ده‌زگا ته‌ندروستییه‌كان شاری‌ كه‌ركووك. له‌ كۆتایدا ماوه‌ته‌وه‌ بڵێین پێویسته‌ كارمه‌ندانی‌ ته‌ندروستی‌ زیاتر پاڵپشتی‌ سه‌ندیكاكه‌یان بن له‌ شاری كه‌ركووك وپشتیوانی‌ له‌ هه‌ڵوێسته‌كانی‌ سه‌ندیكا بكه‌ن تا به‌ هه‌موو لایه‌كمان بتوانین به‌ پیاده‌كردنی‌ شێوازه‌كانی‌ خه‌باتی رێكخراوه‌یی مافه‌كانی‌ كارمه‌ندانی‌ ته‌ندروستی‌ له‌ كه‌ركووك و ناوچه‌كه‌ دابڕێینراوه‌كان ده‌سته‌به‌ربكه‌ین و شه‌رعیه‌تی رێكخراوبوونی سه‌ندیكاكه‌مان به‌كاركردنی‌ دڵسۆزانه‌ و به‌رده‌وام بێهیچ جیاوازییه‌ك داكۆكی له‌ مافی‌ كارمه‌ندانی‌ ته‌ندروستی‌ بكه‌ین و به‌ره‌نگ و ده‌نگ و نه‌ته‌وه‌ جیاوازه‌كانه‌وه‌ بتوانین په‌یامی سه‌ندیكا و كارمه‌ندانی‌ ته‌ندروستی‌ و خزمه‌تكردن به‌ مرۆڤ بكه‌ینه‌ ئه‌ركی هه‌نووكه‌یی و له‌ پێشینه ‌له‌ شاره‌كه‌ماندا.
ژماره‌ی بینین:
1014
به‌روار:
03/06/2014
بیروڕاکان
هیچ داتایه‌ک به‌رده‌ست نیه‌ .
کۆمێنتی خۆت بنێره‌      

زیاتر
1 بۆ 16 له‌ کۆی 25