باوكی مناڵێكی ئۆتیزم ماڵێك له‌سه‌ر حیسابی خۆی بۆ مناڵانی ئۆتیزم ده‌كاته‌وه‌
دیمانه: ته‌زره‌ بۆتانی هیمداد سلێمان كه‌ریم باوكی مناڵێكی ئۆتیزمه‌و خاوه‌نی ماڵی ئۆتیزمه‌ بۆ راهێنانی كۆمه‌ڵایه‌تی» هه‌روه‌ك (به‌ڕێوه‌به‌ری كۆمپانیای ئه‌لۆفێم بۆبیناسازی)یه‌ له‌وه‌ڵامی چه‌ند پرسیارێك بۆ ئێشك به‌م جۆره‌ لێدوانی خۆیدا: ئێشك: بیرۆكه‌ی ئه‌م سه‌نته‌ره‌ بۆچی ده‌گه‌ڕێنیته‌وه‌, واته‌ بۆچی بیرت له‌مه‌ كرده‌وه‌؟ - من مناڵێكی‌ یانزه‌ ساڵانه‌م هه‌یه‌, كه‌ ئۆتیزمی‌ هه‌یه‌ و سه‌رعیشی له‌گه‌ڵدایه‌, چه‌ندین وڵاتم پێیكردووه‌, ساڵانه‌ جارێ یان دووجار ده‌یبه‌مه‌ ده‌ره‌وه‌ بۆ چاره‌سه‌ر, كه‌ پاره‌یه‌كی‌ زۆرم لێی خه‌رج ده‌كرد, هه‌روه‌ها به‌ نیاز بووم به‌ یه‌كجاریی بچمه‌ ده‌ره‌وه‌ی‌ وڵات, چونكه‌ لێره‌ ئومێد نه‌بوو, هیوام به‌ داهاتووی‌ مناڵه‌كه‌م نه‌ما بوو, چونكه‌ سه‌نته‌رێك, په‌یمانگه‌یه‌ك, كادیری پێشكه‌وتوو, نه‌خۆشخانه‌ی‌ تایبه‌ت و شتی‌ له‌مجۆره‌مان نییه‌. زۆر نائومێد بووم, به‌ڵام دوای‌ بیركردنه‌ه‌ویه‌كی‌ زۆر و پشتیوانی‌ چه‌ند هاوڕێیه‌كم, ئیدی‌ هانیاندام كه‌ به‌و پاره‌یه‌ی‌ له‌ده‌ره‌وه‌ خه‌رجی‌ ده‌كه‌م له‌هه‌ولێر ماڵێكی‌ تایبه‌ت به‌ ئۆتیزم بكه‌مه‌وه‌, به‌ناوی‌ «ماڵی ئۆتیزم بۆ راهێنانی‌ كۆمه‌ڵایه‌تی»‌ هه‌م مناڵه‌كه‌ی‌ خۆم سوودی‌ لێوه‌رده‌گرێ و هه‌م سوودی‌ بۆ كۆمه‌ڵێك مناڵی تریش ده‌بێ. هه‌ڵبه‌ت من 3 ساڵ به‌ر له‌ئێستا هه‌مان بیرۆكه‌ی‌ كردنه‌وه‌ی‌ سه‌نته‌رم هه‌بوو, به‌ڵام به‌داخه‌وه‌ ئه‌وكات هیچ لایه‌نێك هاوكاری نه‌كردم و كار ئاسانیان بۆ نه‌كردم, ئیدی‌ له‌سه‌ره‌تای‌ ئه‌مساڵه‌وه‌ دیسانه‌وه‌ پرۆژه‌یه‌كم نووسییه‌وه‌و پێشكه‌شی پارێزگای‌ هه‌ولێرم كرد, به‌ سپاسه‌وه‌ به‌رێزیان پرۆژه‌كه‌ی‌ په‌سه‌ند و ره‌اونه‌ی‌ وه‌زاره‌تی‌ كاری كرد, له‌وێشه‌وه‌ ئاراسته‌ی‌ به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی‌ گشتی‌ چاودێری و گه‌شه‌پێدانی‌ هه‌ولێر كراوه‌, به‌ڵام هێشتا هه‌ندێك كاری ئیداری ماوه‌. ئێشك: ئێستا هه‌ست به‌چی‌ ده‌كه‌ی‌ ؟ - من وه‌ك كارێكی‌ مرۆیی ئه‌و پرۆژه‌یه‌م ده‌ستپێكردووه‌, ئیعلانیشم كردووه‌, كه‌ پرۆژه‌یه‌كی‌ قازانج نه‌ویسته‌ و ته‌نیا بۆ خزمه‌تكردنی‌ مناڵانی‌ ئۆتیزمه‌, وه‌ك كارێكی‌ مرۆیی بۆ ماوه‌ی‌ ساڵێك كۆی زیانه‌ مادییه‌كانی‌ ماڵی ئۆتیزم له‌ ئه‌ستۆ ده‌گرم. نزیكه‌ی‌ بایی 10 هه‌زار دۆلار پێداویستیم بۆی دابین كردووه‌, بینایه‌كی‌ 600 مه‌تریم به‌ كرێ گرتووه‌و كرێی مانگانه‌ی‌ له‌ئه‌ستۆی خۆمه‌. ئێشك: كێ هاوكاریتان ده‌كات و چه‌ند ئه‌ندامن؟ - ئێمه‌ له‌ مانگی‌ دووه‌وه‌ ده‌ستمان به‌ ئیش كردووه‌, هه‌تائێستا كه‌س هاوكاری مادی‌ نه‌كردووم, به‌ڵام له‌رووی‌ مه‌عنه‌وی‌ و به‌ڕێوه‌بردنه‌وه‌ 2 باوك كه‌ هه‌ر یه‌كه‌یان خاوه‌نی‌ 2 مناڵی ئۆتیزمن, هاوكار بوونه‌و هێشتا له‌گه‌ڵمدان. ئێشك: مه‌رجی وه‌رگرتنی مناڵه‌كان چۆنه‌؟ - ئێمه‌ هێشتا به‌ فه‌رمی و نووسراو مۆڵه‌تمان وه‌رنه‌گرتووه‌و ته‌نیا رێگه‌پێدانی زاره‌كیی بووه‌. وه‌كو تێست ئێستا 5 مناڵ رۆژانه‌ راهینانیان پێبكرێ. هه‌ركات مۆڵه‌تمان وه‌رگرت، ئه‌وكات له‌رێگه‌ی لیژنه‌یه‌كی پسپۆر، پێكهاتوو له‌ په‌ره‌ستاریی ده‌روونی و كۆمه‌ڵناس و به‌ڕێوه‌به‌ری ماڵی ئۆتیزم و چه‌ند كه‌سێكی تر، ئۆتیستیك وه‌رده‌گیرێ، ئیدی ئه‌و لیژنه‌یه‌ بنه‌ماكان و مه‌رجه‌كان دیاری ده‌كات. ئێشك: ئه‌وه‌ی گرینگه‌ بۆ وه‌رگرتنی مناڵه‌كان چییه‌ ؟ - به‌لای ئێمه‌وه‌ دوو خاڵ گرنگه‌ و به‌هه‌ند وه‌رده‌گیرێ: یه‌كه‌م: ده‌بێ ئۆتیستیكه‌كه‌‌ رێژه‌كه‌ی ساده‌ و مامناوه‌ندی بێ، واتا نابێ توندبێ، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی له‌ كوردستان كادیر و راهێنه‌ری پێویست و ئاماده‌كراومان نییه‌ بۆ ئه‌و حاڵه‌تانه‌. دووه‌م: پێویسته‌ دایك و باوكه‌كان‌ هاوكاری ماڵی ئۆتیزم بن و هه‌ماهه‌نگ بن له‌گه‌ڵمان، چونكه‌ ماڵه‌كه‌ی ئێمه‌ سه‌نته‌رێكی كه‌رتی تایبه‌ت و بازرگانی نییه‌، به‌ڵكو قازانجنه‌ویسته‌ و به‌شێك له‌ئه‌ركه‌كه‌ ده‌كه‌وێته‌ سه‌ر دایك و باوكه‌كان. ئێشك: كاتی ده‌وامتان؟ - رۆژانه‌ بۆ ماوه‌ی چوار كاتژمێر راهێنه‌ر به‌ مناڵه‌كان ده‌كرێت و ده‌وامی فه‌رمی ده‌بێ. ئێشك: ئامانج له‌دانانی ماڵی ئۆتیزم چییه‌؟ - ته‌نیا خزمه‌تكردنی مناڵانی ئۆتیزمه‌، ده‌مانه‌وێ هاوكاری خانه‌واده‌ی مناڵانی ئۆتیزم بین، رێنمایی و زانیارین پێببه‌خشین، له‌داهاتوودا سیمنار و خولی راهێنانیان بۆ بكه‌ینه‌وه‌. ئه‌گه‌ر هاوكاری و ئاسانكاری هه‌بێ، ئه‌وا به‌نیازم له‌ داهاتوودا پرۆژه‌كه‌ گه‌وره‌ بكه‌م و بیكه‌مه‌ كۆمه‌ڵگه‌ی ئۆتیزم كه‌ سه‌نته‌ر و په‌یمانگه‌ی په‌روه‌رده‌یی ئۆتیزم له‌خۆ ده‌گرێ. ئێشك: جیاوازی ئێوه‌ چییه‌ له‌گه‌ل سه‌نته‌ره‌كانی تر؟ - سه‌نته‌ره‌كه‌ی ئێمه‌ ته‌نیا ڕاهێنانی كۆمه‌ڵایه‌تییه‌ نه‌ك په‌روه‌رده‌یی و فێركردنی ئه‌لف و بێ، ئه‌وه‌ش به‌گوێره‌ی توانای ژیری و قسه‌زانی مناڵه‌كه‌ و دۆزینه‌وه‌ی تواناكه‌ی. له‌م سه‌نته‌ره‌دا به‌زمانی كوردی وانه‌كان ده‌وترێنه‌وه‌و باوك و دایك ده‌توانێ چاودێری مناڵه‌كه‌ی خۆی بكات. سوود له‌ توانا و زانیاریی دروستی هه‌موو كه‌سێك وه‌رده‌گرین و به‌رده‌وام به‌شوێن زانیاری نوێدا ده‌گه‌ڕێین. نه‌شمانوتووه‌ ئێمه‌ له‌ دوورگه‌یه‌كی تره‌وه‌ هاتووین و جیاوازین. ئێمه‌ش ده‌مانه‌وێ وه‌كو باقی سه‌نته‌ره‌كانی تر، له‌سه‌ر حیسابی خۆمان خزمه‌ت بكه‌ین، ئه‌گه‌ر هاوكارمان بن. هه‌ر بۆ زانیاریتان سه‌ردانی چه‌ندین سه‌نته‌ری وڵاتانم كردووه‌و له‌م هه‌فته‌یه‌شدا خولێكی تایبه‌ت به‌ ناتوانایی ژیری و ئۆتیزمم بینی له‌ وڵاتی لوبنان. ئێشك: به‌رنامه‌كانتان چۆنه‌ و وانه‌كان له‌لایه‌ن كێ ده‌گوترێته‌وه؟ ‌ - هه‌تا ئێستا سه‌ره‌تایه‌، به‌ته‌واوی نه‌كه‌وتوینه‌ته‌ سه‌ر سكه‌ و ئیعلانی هه‌موو شتێكمان نه‌كردووه‌. ئێستا سێ مامۆستای راهێنه‌رمان هه‌یه‌، كه‌ دووانیان هه‌ڵگری بڕوانامه‌ی بكالۆریۆسن و ته‌نات به‌ڕێوبه‌ری ماڵی ئۆتیزیمش كه‌ خۆی خاوه‌نی 2 مناڵی ئۆتیزمه‌، بكالۆریۆسی هه‌یه‌ له‌ كۆمه‌ڵناسی. له‌ داهاتووشدا ئێمه‌ پشت به‌ تواناكانی ده‌رچووانی كۆمه‌ڵناسی و ده‌رونناسی و كاری كۆمه‌ڵایه‌تی و ...ده‌به‌ستین. ئێشك: چۆن ڕاهێنان به‌ مناڵه‌كان ده‌كه‌ن ؟ - ئێمه‌ لێره‌ فێری ره‌فتار و مامه‌ڵه‌ی كۆمه‌ڵایه‌تی و پێدوایستی و كاری رۆژانه‌یان ده‌كه‌ین. وه‌ك وانه‌كانی قسه‌زانی و ره‌فتارزانی و وه‌رزش و وێنه‌ و گه‌مه‌ی زیهنی و سیستمی چێشتخانه‌ و ...هتد ته‌نانه‌ت ئێمه‌ لیژنه‌یه‌كی راوێژكاریمان هه‌یه‌ له‌ پزیشكی ده‌روونی و په‌رستاریی ده‌روونی پێكهاتووه‌و به‌ زانیاری و رێنمایی نوێمان ده‌دێن و به‌رده‌وام له‌ راوێژ و هه‌ماهه‌نگی داده‌بین. ئێشك: خوێنه‌ر به‌لایه‌وه‌ گرینگه‌ بزانێ ئه‌م مناڵانه‌ چۆن هاتوو چۆ ده‌كه‌ن؟ چونكه‌ ئه‌م مناڵانه‌ نه‌خۆشن و به‌رپرسیاریه‌تی هاتووچۆ كارێكی گرینگه‌ ئایا پاسێك شتێكتان بۆ ئاماده‌ كردوون ؟ - جارێ پاسمان دابین نه‌كردووه‌، چونكه‌ ژماره‌ی مناڵه‌كان كه‌مه‌و خێزانه‌كانیان خۆیان هاتووچۆیان پێده‌كه‌كه‌ن، هه‌ركات ژماره‌ی مناڵه‌كان زیادی كرد و دایك و باوكان ڕوویان له‌ماڵه‌كه‌مان كرد، ئه‌وسا له‌به‌رنامه‌مان دایه‌ كه‌ بیرێك له‌ هاتووچۆی مناڵه‌كان و مامۆستایه‌كان بكه‌ینه‌وه‌. ئێشك: چیت ماوه‌ بیڵێی: - دوا قسه‌ی من ئه‌وه‌یه‌، كه‌ دایك و باوكه‌كان خۆیان هه‌وڵبده‌ن شتێك بۆ مناڵه‌كانیان بكه‌ن و بیر له‌ دوارۆژی مناڵه‌كانیان بكه‌نه‌وه‌. پێویسته‌ هه‌موو لایه‌كمان پێكه‌وه‌ هاوكاربین له‌پێناو دوارۆژی مناڵه‌كانمان. ده‌خوازم باوانی مناڵانی ئۆتیزم سه‌ردانمان بكه‌ن و پێكه‌وه‌ زێتر راوێژ بكه‌ین.
ژماره‌ی بینین:
1318
به‌روار:
30/03/2014
بیروڕاکان
هیچ داتایه‌ک به‌رده‌ست نیه‌ .
کۆمێنتی خۆت بنێره‌      

زیاتر
1 بۆ 16 له‌ کۆی 25
    
ئایا سه‌ندیكای‌ كارمه‌ندانی‌ كوردستان به‌ده‌م خواستی‌ كارمه‌ندانی‌ ته‌ندروسییه‌وه‌یه‌؟



ریکلام
بڵاوکراوه:‌
بڵاوکراوەکان