دكتۆره‌ دلۆڤان محه‌مه‌د: ده‌رده‌ پشیله‌ نه‌خۆشی یه‌كی‌ ترسناكه‌ ئه‌گه‌ر توشی ئافره‌تی‌ دووگیان بێت

نازه‌نین عوسمان_چه‌مچه‌ماڵ

ده‌رده‌ پشیله‌ یه‌كێك له‌و نه‌خۆشیانه‌ی‌ كه‌ له‌كوردستان وزۆر ناوچه‌ی‌ جیهاندا بڵاوه‌. له‌ناو مر‌وڤ‌و ئاژه‌ڵه‌ خوێنگه‌رمه‌كان‌و په‌له‌وه‌ریش دا هه‌یه‌. له‌ڕێی‌ به‌ركه‌وتن له‌گه‌ڵ مشه‌خۆر Toxoplasma gondii ده‌گوازرێته‌وه‌و ده‌بێته‌ هۆی زۆر نه‌خۆشی بۆ ژنان و كۆرپه‌له‌. بۆ زیاتر شاره‌زابوون به‌م نه‌خۆشی یه‌و هۆكارو چاره‌سه‌ر دكتۆره‌ دلۆڤان محمد علی‌ پسۆری نه‌خۆشی یه‌كانی‌ ژنان و منداڵبون به‌م شێوه‌یه‌ وه‌ڵامی‌ چه‌ند پرسیارێكی‌ داینه‌وه‌
پرسیار: ده‌رده‌ پشیله‌ چی یه‌؟
دلۆڤان محمد:  ده‌رده‌ پشیله‌ یه‌كێكه‌ له‌و نه‌خۆشیانه‌ی‌ توشی‌ ژنان ده‌بێت له‌ ته‌مه‌نی‌ سك پڕی و مناڵبووندا،
له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی‌ كه‌ ئه‌وه‌ی‌ كه‌ نه‌خۆشی یه‌كی‌ ترسناك نی یه‌ ئه‌گه‌ر تووشی كه‌سێك بێت كه‌ به‌گری له‌شی ته‌واو بێت، به‌ڵام له‌هه‌موان كاتدا نه‌خۆشی یه‌كی‌ ترسناكه‌ ئه‌گه‌ر توشی ئافره‌تی‌ دووگیان بێت یان توشی ئافره‌تێك چه‌ند مانگ پێش سك پڕبوون یان ئه‌و كه‌سانه‌ی‌ به‌رگری له‌ شیان لاوازه‌.
ده‌رده‌ پشیله‌ نه‌خۆشی یه‌كه‌ كه‌ توشی مرۆڤ و هه‌موو جۆره‌ ئاژه‌ڵێك ده‌بێت، به‌ڵام مه‌ترسی دار نیه‌، ئه‌گه‌ر توشی كه‌سێك بێت كه‌ به‌رگری له‌شی ته‌واوبێت.به‌ڵام ئه‌گه‌ر تووشی كۆرپه‌له‌ بێت له‌سكی‌ دایكیدا ئه‌وا تووشی چه‌نده‌ها ماكی‌ ده‌كات كه‌ له‌ چاوو مێشكی‌ كۆرپه‌له‌دا ده‌رده‌كه‌وێت به‌تایبه‌تی‌ ئه‌گه‌ر له‌سه‌ره‌تایی سكه‌كه‌دا تووش ببێت، وه‌ یان چه‌ند مانگێك پێش سك پڕبوون بێت، هه‌رچه‌نده‌ له‌م كاته‌ ناسكه‌شدا توانای‌ گواستنه‌وه‌ی‌ میكرۆبه‌كه‌ كه‌مه‌ له‌ دایكه‌وه‌ بۆ منداڵه‌كه‌ له‌ ڕێگه‌ی‌ وێڵاشه‌وه‌، به‌ڵام ئه‌گه‌ر گواسترایه‌وه‌ ئه‌وا ده‌بێته‌ هۆی ده‌ركه‌وتنی‌ چه‌نده‌ها ماك و نه‌ خۆشی زكماكی‌ تر و ته‌نانه‌ت له‌بارچونی‌ سكه‌كه‌ش. به‌ڵام ئه‌گه‌ر دایكه‌كه‌ له‌ مانگه‌ كانی‌ كۆتایی سك پڕیدا تووشی ئه‌م نه‌خۆشی یه‌ بوو ئه‌وان میكرۆبه‌كه‌ زۆر ب خێرایی ده‌گوێزرێته‌وه‌ بۆ كۆرپه‌له‌كه‌ له‌ڕێگه‌ی‌ وێڵاشه‌وه‌، به‌ڵام له‌م كاته‌ دا مه‌ترسی كه‌متره‌ وه‌ كۆرپه‌كه‌ تووشی نه‌خۆشی زگماكی‌ و ماكه‌كانی‌ نه‌خۆشی یه‌كه‌ ناكات، چونكه‌ كۆرپه‌له‌ ته‌واو دروست بوه‌.
هۆكاری ئه‌م نه‌خۆشی یه‌ چی یه‌؟
دلۆڤان محمد:  ده‌رده‌ پشیله‌ به‌هۆی میكرۆبێكه‌وه‌ توشی مرۆڤ ده‌بێت پێی ده‌وترێت(تۆكسۆپلازما گوندی‌_ Toxoplasma gondii) وه‌زۆربه‌ی‌ تووشبوونی‌ مرۆڤ به‌هۆی ئه‌و پشیله‌ به‌ره‌ڵایانه‌وه‌ ده‌بێت كه‌ باڵنده‌و خشۆكه‌كان ده‌خۆن، كه‌متر له‌ رێگه‌ی‌ ئه‌و پشیلانه‌ی‌ كه‌ له‌ناو ماڵاندا به‌خێو ده‌كرێن ده‌بێت
پرسیار: ڕێگه‌كانی‌ تووش بون چین؟
دلۆڤان محمد:  ڕێگه‌كانی‌ تووش بون به‌م نه‌خۆشی یه‌ زۆرن له‌وانه‌:
1. خواردنی‌ سه‌وزه‌و میوه‌ی‌ نه‌شۆراوه‌ كه‌ پیس بوو بێت به‌ پیسایی پشیله‌
2. خواردنی‌ گۆشتی‌ مه‌رو مانگا كه‌ به‌شێوه‌یه‌كی‌ باش نه‌كوڵێنرا بێت، كه‌ هه‌ڵگری ئه‌و میكرۆبه‌ بێت
3. خواردنی‌ هێلكه‌ی‌ پیس بوو به‌ میكرۆبه‌كه‌
4. ده‌س دان له‌ چاوو لوت و ده‌م دوای‌ ده‌ست دان له‌ گۆشتی‌ نه‌كوڵاو یا شتنه‌وه‌ی‌ سه‌وزه‌و میوه‌
5. خواردنی‌ شیری پیس بوو به‌ نه‌خۆشی یه‌كه.‌
6. خواردنی‌ ئاوی پیس بوو به‌نه‌خۆشییه‌كه نزیكه‌ی‌ 30_40%ی‌ ئه‌و ئافره‌تانه‌ی‌ له‌ته‌مه‌نی‌ سك پڕ بوون ومنداڵبوندان، تووشی ئه‌م نه‌خۆشی یه‌ بون دژه‌ ته‌نی‌ ئه‌م میكرۆبه‌ له‌ناو له‌شیاندا هه‌یه‌، واته‌ به‌رگریان په‌یدا كردوه‌ دژی‌ تووش بوون به‌م نه‌خۆشی یه‌ بۆ جاری دووه‌م، به‌ڵام ئه‌م به‌رگرییه‌ش 100% نی یه‌، واته‌ هه‌ندێك ئافره‌ت له‌وانه‌ی‌ كه‌ پێشووتر تووشی ئه‌م نه‌خۆشی یه‌ بوون، له‌وانه‌یه‌ بۆ جاری دووه‌م تووش ببنه‌وه‌ ته‌نانه‌ت له‌كاتی‌ سك پڕیشدا. به‌هه‌ر حاڵ 60_70%ی ئه‌وانه‌ی‌ كه‌ تووشی ئه‌م نه‌خۆشی یه‌ ده‌بن پێشووتر تووش نه‌ بوون و به‌رگریان نیه‌ دژ به‌ نه‌خۆشییه‌كه‌.
پرسیار: نیشانه‌كانی‌ ئه‌م نه‌خۆشی یه‌ چین؟
دلۆڤان محمد:  نیشانه‌كانی‌ ئه‌م نه‌خۆشی یه‌ هه‌روه‌كو نیشانه‌كانی‌ ئه‌نفلۆنزا وایه‌ وه‌ له‌وانه‌یه‌ پێویست به‌ چاره‌سه‌ر نه‌كات، وه‌ ته‌نانه‌ت له‌وانه‌یه‌ تووش بوو هه‌ست نه‌كات كه‌ تووشی ئه‌م نه‌خۆشی یه‌ بووه‌.
به‌ڵام كاتێك كه‌ كۆرپه‌ی‌ ناوسكی‌ دایكی‌ تووش ده‌بێت له‌ ڕێگه‌ی دایكی‌ تووش بووه‌ وه‌ ئه‌وا له‌وانه‌یه‌ كۆرپه‌له‌ له‌بار بچێت یا تووشی چه‌نده‌ها ماك و نه‌خۆشی زگماكی‌ ببێت، وه‌هه‌روه‌ها ئه‌م میكرۆبه‌ ده‌گوازرێته‌وه‌ بۆ ئه‌و كۆرپانه‌ی‌ كه‌ شیری دایكی‌ تووش بوو ده‌خۆن. له‌به‌ر ئه‌وه‌ خۆپاراستن زۆر باشتره‌ له‌ چاره‌سه‌ركردنی‌ ئه‌م نه‌خۆشی یه‌.
پرسیار: خۆپاراستن چۆن ده‌بێت؟
دلۆڤان محمد:  خۆپاراستن له‌م نه‌خۆشی یه‌ ئاسانه‌، ئه‌م ڕێنمایی یانه‌ی‌ پێویسته‌ په‌یره‌و بكرێت، به‌تایبه‌ت له‌كاتی‌ سك پڕی‌ و ئه‌وكه‌سانه‌ی‌ كه‌ به‌رگری یان لاوازه‌، چونكه‌ ئه‌گه‌ر تووشی ئه‌م نه‌خۆشی یه‌ ببن ئه‌وا له‌وانه‌یه‌ ببێته‌ هۆی هه‌وكردنێكی‌ توندی‌ مێشك، دڵ و سی و چاویش، وه‌ له‌وانه‌یه‌ ببێته‌ هۆی‌ مردنی‌ نه‌خۆشه‌كه‌. ئه‌وانه‌ش:
1. خواردنی‌ ئه‌و گۆشتانه‌ی‌ باش به‌ستویه‌تی‌ و دواتر به‌ باشی بكوڵێنرێت، چونكه‌ میكرۆبه‌كه‌ له‌ پله‌ی‌ گه‌رمی‌ زۆر نزم و به‌رزدا ناژیت
2. دوور كه‌وتنه‌وه‌ له‌ خواردنی‌ گۆشتی‌ ووشك كراو.
3. دووركه‌وتنه‌وه‌ له‌ ده‌ست تێوه‌دانی‌ پشیله‌و پاشه‌ڕۆو پاشماوه‌ی‌ پشیله‌ له‌ناو باخچه‌و ماڵدا
4. له‌ده‌ست كردنی‌ ده‌ست كێش و ده‌ست شتن به‌باشی به‌ ئاوو سابون دوای ده‌ستدان وله‌ت كردنی‌ گۆشتی‌ مه‌ڕو مانگا
5. له‌ده‌ست كردنی‌ ده‌ست كێش و ده‌ست شتن به‌باشی به‌ ئاوو صابون دوای ده‌ستدان و شتنه‌وه‌ی‌ سه‌وزه‌و میوه‌، چونكه‌ له‌وانه‌یه‌ پیس بوو بێت به‌ هێلكه‌ی‌ ئه‌م میكرۆبه‌
6. كوڵاندنی‌ گۆشت به‌ شێوه‌یه‌كی‌ باش، پێویسته‌ تا پله‌ی‌ 160_180 بكوڵێنرێت.
7. شتنه‌وه‌ی‌ سه‌وزه‌و میوه‌ به‌ باشی و به‌ شێوه‌یه‌كی‌ دروست وه‌ پاككردنه‌وه‌ی‌ توێكڵ داره‌كان پێش خواردنیان.
8. نه‌خواردنی‌ هێلكه‌ی‌ نه‌كوڵاو شیرێك كه‌ په‌سته‌ره‌ نه‌كرا بێت(واته‌ پاك نه‌كرا بێته‌وه‌ به‌ڕێگه‌ی‌ زانستی‌)
9. ده‌ست نه‌دان له‌ ده‌م و لوت و چاو له‌كاتی‌ ئاماده‌ كردنی‌ خواردندا
10. ده‌ست شتن به‌شێوه‌یه‌كی‌ باش دوای ئاماده‌كردنی‌ گۆشت
11. پێویسته‌ ته‌خته‌ی‌ ورد كردنی‌ گۆشت پاك بشۆردرێتبه‌ ئاوی‌ گه‌رم و سابون دوای‌ له‌ت كردنی‌ گۆشت له‌سه‌ری‌.
12. دوورخستنه‌وه‌ی‌ مێش و مه‌گه‌ز له‌ خواردن.
13. ئاگاداری ئاوی‌ پیس به‌ كاتێك ده‌چیته‌ ده‌ره‌وه‌ یا ده‌چیت بۆ سه‌یران، پێویسته‌ وباشتر وایه‌ ئاوی‌ پاك له‌گه‌ڵ خۆت ببه‌یت بۆ به‌كارهێنان و خواردنه‌وه‌ بۆ ئه‌وه‌ی‌ خۆت به‌ دوور بگریت له‌م نه‌خۆشییه.‌
14. به‌كارهێنانی‌ ده‌ست كێشی‌ تایبه‌ت له‌كاتی‌ كاركردن له‌ باخچه‌ دا(چ ماڵه‌وه‌ یان له‌ باخچه‌ی‌ ده‌ره‌وه‌)وه‌ ده‌ست شۆردن به‌ ئاوو سابوون دوای‌ ته‌واو بوونی‌ كاركردن له‌ باخچه‌كه‌دا.
پرسیار: چاره‌سه‌ری‌ ئه‌م نه‌خۆشییه‌ چیه‌؟
دلۆڤان محمد:  چاره‌سه‌ری ئه‌م نه‌خۆشییه‌ له‌لایه‌ن پزیشكی‌ پسپۆره‌وه‌ ده‌بێت به‌ به‌كارهێنانی‌ چه‌ند ده‌رمانێك له‌وانه‌:
پایریمیسامینPyrimethamine))
سه‌لفا دایه‌زین ( Sulfadiazine)
سپایرا مایسین ( Spiramycine)
ئه‌م ده‌رمانانه‌ بۆ ماوه‌ی‌ مانگێك یاخود چه‌ند مانگێك ده‌بێت.

 


دكتۆره‌ دلۆڤان محه‌مه‌د عه‌لی‌
له‌دایك بووی‌ ساڵی‌ 1974
ده‌رچوی‌ كۆلیژی‌ پزیشكی‌ زانكۆی سلێمانی‌ بۆ ساڵی‌ 1998_1999
خوێندكاری ماسته‌ر له‌ زانكۆی قاهیره‌_میسر

 

 

ژماره‌ی بینین:
2548
به‌روار:
15/07/2013
بیروڕاکان
هیچ داتایه‌ک به‌رده‌ست نیه‌ .
کۆمێنتی خۆت بنێره‌      

زیاتر
1 بۆ 16 له‌ کۆی 25
    
ئایا سه‌ندیكای‌ كارمه‌ندانی‌ كوردستان به‌ده‌م خواستی‌ كارمه‌ندانی‌ ته‌ندروسییه‌وه‌یه‌؟



ریکلام
بڵاوکراوه:‌
بڵاوکراوەکان