دكتۆر كاروان ته‌ها شه‌فیق: به‌هۆی باشبوونی‌ ئابوورییه‌وه‌ نه‌شته‌رگه‌ری جوانكاری له‌ زیادبووندایه‌

 


نازه‌نین عوسمان

 

ماوه‌ی‌ چه‌ند ساڵێكه‌‌ نه‌شته‌رگه‌ری‌ جوانكاری‌ له‌ هه‌رێمی‌ كوردستان وه‌ك رێژه‌ی‌ ئه‌نجامدانی‌ و زیاد بونی‌ پزیشكی‌ نه‌شته‌رگه‌ری‌ ئه‌و بواره‌ زیادیكردووه‌  و ئه‌نجامدانی‌ ئه‌و نه‌شته‌رگه‌یانه‌ش ته‌نها ژنانی‌ نه‌گرتۆته‌وه‌ به‌ڵكو كورانیش ڕوویان كردۆته‌ ئه‌م كاره‌. زۆر جار به‌مه‌به‌ستی‌ چاربه‌سه‌رو هه‌ندێكجار بۆ گونجاندن له‌گه‌ڵ رووخسار دا، كه‌ دیارترینیان نه‌شته‌رگه‌ری لووته‌ كه‌ وه‌ك ده‌بینین زۆر له‌ گه‌نجان روویان كردۆته‌ ئه‌نجام دانی‌.
بۆ زیاتر شاره‌زابوون له‌ چۆنیه‌تی‌ وچه‌ندێتی‌ ئه‌م نه‌شته‌رگه‌ریه‌ پزیشكی‌ پسپۆری جوانكاری(كاروان ته‌ها شه‌فیق) وه‌لاَمی‌ چه‌ند پرسارێكی‌ داینه‌وه‌.
پرسیار: مه‌‌به‌‌ست له‌‌ جوانكاری لووت چیه‌‌.؟ 
د. كاروان: مه‌‌به‌‌ست له‌‌ نه‌شته‌رگه‌ری جوانكاری بریتیه‌ له‌ گونجاندن و جوانكردنی شێوه‌ی لووت به‌ جۆرێك بگونجێت له‌گه‌ڵ ڕوخساردا.
پرسیار: بۆچی هۆكارێك ده‌‌كرێت؟
د. كاروان: ئه‌م نه‌شته‌رگه‌ری یه‌ له‌ زۆربه‌ی كاته‌كاندا بۆ جوانكردن ده‌كرێت و هه‌ندێ جاریش وه‌كو چاره‌سه‌ر، ئێمه‌ وه‌ك پسپۆڕی نه‌خۆشیه‌كانی لووت ده‌توانین له‌گه‌ڵیدا گیرانی لووت وخواربوونی كۆڵه‌كه‌ی لووت وهه‌وكردنی جیوبه‌كانی لووت وگۆشتی زیاده‌یش چاره‌سه‌ر بكه‌ین.
پرسیار: كێن ئه‌‌وانه‌‌ی ئه‌‌م نه‌‌شته‌‌رگه‌‌ریه‌‌ ده‌‌كه‌‌ن؟
د. كاروان: ئه‌وكه‌سانه‌ی كه‌ به‌هه‌ر هۆكارێك لووتیان شكا بێت یان لارو ناشیرین بوبێت یان هه‌ر له‌ زگماكه‌وه‌ لووتیان گه‌وره‌ یان ناڕێكه‌ كه‌ له‌گه‌ڵ ڕوخساریاندا ناگونجێت.
پرسیار: كێ بریارده‌‌دات ئه‌‌و نه‌‌شته‌‌رگه‌‌ریه‌‌ بكرێت، نه‌‌خۆش یا دكتۆر.؟
د. كاروان: نه‌شته‌رگه‌ری جوانكاری لووت یه‌كێكه‌ له‌و نه‌شته‌رگه‌ریانه‌ی كه‌ هه‌رگیز یه‌ك لایه‌نه‌ بڕیاری له‌سه‌ر نادرێ، واته‌ ده‌بێت به‌ هه‌ماهه‌نگی وپاش موناقه‌شه‌ وهه‌ڵسه‌نگاندن له‌ نێوان پزیشك و نه‌خۆشدا دێته‌ ئه‌نجامدان، چه‌ندین جار نه‌خۆش خۆی هاتوه‌ بۆ لام بۆ نه‌شته‌رگه‌ری به‌ڵام پاش هه‌ڵسه‌نگاندن و شیكردنه‌وه‌ی هۆكاره‌كان خۆی بڕیاری داوه‌ كه‌ بۆ ئه‌و گونجاو نیه‌ و به‌ پێچه‌وانه‌شه‌وه‌.
پرسیار: له‌‌هه‌‌موو ته‌‌مه‌‌نێكدا ده‌‌كرێت.؟
 د. كاروان: نا بۆ ئه‌نجام دانی‌ ئه‌م نه‌شته‌رگه‌ریه‌  پێویسته‌ نه‌خۆشه‌كه‌ ته‌مه‌نی گه‌شه‌ی خێرای جه‌سته‌ی تیپه‌ڕاندبێ واته‌ ته‌مه‌نی‌ هه‌رزه‌كاری و له‌سه‌روو ١٧ ساڵیه‌وه‌ بێت.
پرسیار: چه‌‌ند جۆری هه‌‌یه‌‌.؟
 د. كاروان: ئه‌م نه‌شته‌رگه‌ریه‌ دوو جۆری هه‌یه‌:
ده‌توانرێ به‌ بنجی موزوعی و بنجی عامیش بكرێت .
زۆربه‌ی سه‌نته‌ره‌ جیهانیه‌كان  بێهۆشكاری گشتیان(بنج العام) پێ باشتره‌ كه‌ پزیشكه‌كه‌ ده‌توانێت به‌ئاسانی هه‌مو ناڕێكیه‌ بچوك و گه‌وره‌كان به‌دڵی نه‌خۆشه‌كه‌ چاره‌سه‌ر بكات به‌بێ هیچ ئاگاداری‌ و هیچ ئازارێك له‌لایه‌ن نه‌خۆشه‌كه‌وه‌، ئه‌میش دوو جۆری هه‌یه‌ ڕێگای داخراو كه‌ له‌ده‌ره‌وه‌ ته‌قه‌ڵ دیار نیه‌و هه‌موو پێسته‌كه‌ به‌رز ناكرێته‌وه‌ له‌كاتی نه‌شته‌رگه‌ریه‌كه‌دا و بۆ ئه‌و لوتانه‌ی كه‌ ناڕێكی كه‌میان هه‌یه‌ و پێشتریش نه‌شته‌رگه‌ری تریان بۆ نه‌كراوه‌.
ڕێگای كراوه‌كه‌ش به‌ پێچه‌وانه‌وه‌، كه‌ئه‌مه‌ له‌گه‌ڵ نه‌خۆشه‌كه‌ پێش نه‌شته‌رگه‌ریه‌كه‌ باس ده‌كرێت.
پرسیار: ڕێژه‌‌ی ئه‌‌نجام دانی ئه‌‌م نه‌‌شته‌‌رگه‌‌ریه‌‌ چه‌‌نده‌‌؟ كوڕان زیاتر نه‌‌شته‌‌رگه‌‌ری جوانكاری ده‌‌كه‌‌ن یان كچان
د. كاروان: له‌م ساڵانه‌ی دواییدا ڕێژه‌كه‌ زۆر زیادی كردووه‌ ئه‌ویش به‌هۆی باش بوونی باری گوزه‌ران و ده‌رامه‌تی خه‌ڵكه‌وه‌.
له‌سه‌نته‌ری شاره‌كان و له‌نێو گه‌نجان وچینی خوێنده‌وار زیاتره‌.
له‌راستیدا جاران به‌س خانمان ئه‌م نه‌شته‌رگه‌ریه‌یان ده‌كرد، به‌لاَم ئێستا كوڕان و كچان وه‌ك یه‌ك به‌په‌رۆشی ئه‌م نه‌شته‌رگه‌ریه‌وه‌ن، ئه‌ویش له‌ئه‌نجامی ئه‌وگۆڕانكاریه‌ جوان و گه‌وره‌یه‌ی كه‌ ئه‌م نه‌شته‌رگه‌ریه‌ به‌سه‌ر ڕوخساریدا ده‌هێنێت.
 پرسیار: هیچ مزاعه‌فاتی نیه‌‌ دوای نه‌‌شته‌‌رگه‌‌ری.؟
د. كاروان: وه‌ك هه‌موو نه‌شته‌رگه‌ریه‌كی تر قابیلی موزاعه‌فاته‌ هه‌ر له‌ هه‌وكردنه‌وه‌ تا خوێنبه‌ربوون تا ئه‌وه‌ی كه‌ لووته‌كه‌ وه‌ك ئه‌و شێوه‌ نایاب وئه‌فسوناویه‌ ده‌رنه‌چێت كه‌ نه‌خۆشه‌كه‌ خه‌یاڵی پێوه‌ كردوه‌ كه‌ئه‌مه‌ش شائع ترین هه‌ڵه‌یه‌ كه‌نه‌خۆشی جوانكاری(به‌گشتی) له‌ جیهاندا پێوه‌ی گیرۆده‌ن، ئه‌مه‌ جگه‌له‌وه‌ی كه‌ ده‌م وچاویان بۆ چه‌ند ڕۆژێك ده‌ئاوسێت و پاشان ئاسایی ده‌بنه‌وه‌.
 پرسیار: ماوه‌‌ی چه‌‌ندی ده‌‌وێت بۆ چاك بونه‌‌وه‌‌؟
د. كاروان: سه‌ره‌تا دوو ڕۆژ پڵیته‌ له‌لوتیدا ده‌بێت و ده‌بێت به‌ ده‌م هه‌ناسه‌ بدات، پاش حه‌وت ڕۆژ گه‌چ و ته‌قه‌ڵه‌كانی بۆلاده‌به‌ین و زۆربه‌یان ده‌چنه‌وه‌ سه‌ر كاروئیشی خۆیان، بۆماوه‌ی یه‌ك مانگ یان كه‌متر له‌زگه‌ ده‌كه‌ین به‌ لووتیانه‌وه‌ و ئاسایی ده‌بنه‌وه‌.. به‌پێی زانست تا ماوه‌ی ٣-٦ مانگ وورده‌ ئاوساوی هه‌رده‌مێنێ..
پرسیار: ئه‌‌وه‌‌ی نه‌‌شته‌‌رگه‌‌ری ده‌‌كات، پێویسته‌‌ چی ئه‌‌نجام بدات پێش و پاش نه‌‌شته‌‌رگه‌‌ری(ئاماده‌‌باشی چی بكات)؟

 د. كاروان: پێش نه‌شته‌رگه‌ری پێویسته‌ نه‌خۆشه‌كه‌ دكتۆره‌كه‌ی خۆی له‌نزیكه‌وه‌ ببینێ و موناقه‌شه‌ی نه‌شته‌رگه‌ریه‌كه‌ی له‌گه‌ڵ بكات و نه‌خۆشه‌كه‌ چه‌ند وێنه‌یه‌كی دۆكیومێنتی بۆده‌گرین وپیشانی پزیشكی بێهۆشكاری ده‌ده‌ین و هه‌ندێجار له‌هه‌ندێ ووڵات بۆ دڵنیابوون له‌ باری سایكۆلۆجی نه‌خۆش پیشانی پزیشكی ده‌روونی ده‌درێت.
 پرسیار: مه‌‌بله‌‌غی ئه‌‌و پاره‌‌ی وه‌‌رده‌‌گیریت چه‌‌نده‌‌؟یا له‌‌ نه‌‌شته‌‌رگه‌‌ریه‌‌كه‌‌وه‌‌ بۆ دانه‌‌یه‌‌كی تر ده‌‌گۆرێت.؟

د. كاروان: بری پاره‌ی تێچون له‌ نه‌خۆشخانه‌ حكومیه‌كان به‌بێ به‌رامبه‌ره‌ و له‌ ئه‌هلیه‌كانیش له‌ شاری سلێمانیدا (به‌پێی قورسی نه‌شته‌رگه‌ریه‌كه‌و جۆره‌كه‌ی ده‌یگۆڕێت)  له‌نێوان (ملیۆن بۆ ملیۆن ونیو) دایه‌.

 


پرۆفایل:
دكتۆر كاروان ته‌ها شه‌فیق
له‌دایكبوی‌ ساڵی‌ 1975
ده‌رچووی‌ كۆلیژی‌ پزیشكی‌ زانكۆی سلێمانی‌
پسپۆری نه‌خۆشیه‌كانی‌ قورگ و لووت وگوێ
 نه‌شته‌رگه‌ری جوانكاری لووت
 ئه‌ندامی‌ كۆمه‌ڵه‌ی‌ پزیشكانی‌ قورگ و لووت و گوێ

 

ژماره‌ی بینین:
1723
به‌روار:
01/06/2013
بیروڕاکان
هیچ داتایه‌ک به‌رده‌ست نیه‌ .
کۆمێنتی خۆت بنێره‌      

زیاتر
1 بۆ 16 له‌ کۆی 25
    
ئایا سه‌ندیكای‌ كارمه‌ندانی‌ كوردستان به‌ده‌م خواستی‌ كارمه‌ندانی‌ ته‌ندروسییه‌وه‌یه‌؟



ریکلام
بڵاوکراوه:‌
بڵاوکراوەکان