هه‌وڵدان بۆ له‌ده‌ستدانی متمانه‌ی هاووڵاتیان به‌كه‌رتی ته‌ندروستی ، له‌به‌رژه‌وه‌ندی كێ یه
د. ریكه‌وت حه‌مه‌ره‌شید

ئاشكرایه كه‌رتی ته‌ندروستی له‌هه‌ر ووڵاتێك به‌گوێره‌ی چه‌ند پێوه‌رێكی نێوده‌وله‌تی و زانستی پزیشكی هه‌ڵده‌سه‌نگێندرێت و بڕیاری له‌سه‌ر ده‌درێت وه‌ك پێوه‌ره‌كانی ڕێژه‌ی مردنی منداڵانی خوار ته‌مه‌ن یه‌ك ساڵ و پێنج ساڵ و ڕێژه‌ی مردنی دایكی دووكیان ، خۆشبه‌ختانه ئه‌م پێوه‌ر و ڕێژانه له‌هه‌رێمی كوردستان ساڵ دوای ساڵ باشترده‌بێت ئه‌مه‌ش مانای باشتربوونی خزمه‌تگوزاریه ته‌ندروستیه‌كانه له‌هه‌رێم.
زۆربهداخهووه چه‌ند رۆژێكه له هه‌ندێك كه‌ناڵی ڕاگه‌یاندن دووره له ئاكاری رۆژنامه‌وانی و بنه‌ماكانی كاری رۆژنامه‌وانی كه به‌رژه‌وه‌ندی گشتی یه، چه‌ند هه‌واڵ و ریپۆرتێك له‌سه‌ر كه‌رتی ته‌ندروستی له‌هه‌رێمی كوردستان بڵاوده‌كرێته‌وه ، دڵنیانین به‌چ مه‌به‌ستێك ئه‌و ئاراسته‌یه له‌كاری راگه‌یاندن دژ به به‌رژه‌وه‌ندی گشتی هاووڵاتیان له‌كه‌رتی حكومی ته‌ندروستی ده‌گیرێته‌به‌ر ، بۆ ده‌بێت ماندووبوون و دلسۆزی و شه‌ونخونی پزیشكان و كارمه‌ندانی ته‌ندروستی به‌هه‌ند وورنهگیرێت و هه‌وڵی ناوزارندیان ده‌بێت له‌به‌رژه‌وه‌ندی كێ بێت ؟
له‌كه‌ناڵی NRT ، به‌شێوه‌یه‌كی دوور له ئاكاری رۆژنامه‌وانی دانپیانراوی گشتی دزهدهكرێته نێو نه‌خۆشخانه‌كانمان له‌كاتێكدا هیچ كاتێك ده‌رگای نه‌خۆشخانه‌كان له‌هیچ شوێنیكی ئهوكوردستان به‌ڕووی هیچ ڕاگه‌یاندكارێك دانهخراووه ،چ پێویست ده‌كات به‌وشێوه‌یه بچیتهنیو نه‌خۆشخانه‌كان ؟ ئاماژه‌كردن به‌هه‌ڵه‌ی پزیشكی شتێكی نامۆ نی یه له‌دونیای پزیشكی و رۆژنامه‌گه‌ریدا له‌هه‌موو وولاتانی دوونیا بهوولاتهپێشكهوتووهكانیشدا بهووێنه ئه‌مه‌ریكا (ساڵانه 210000 _ 400000 هه‌له‌ی پزیشكی، سێیه‌م هۆكاری مردنه له‌و ووڵاته) و ئه‌ڵمانیا (ساڵانه 190,000 هه‌له‌ی پزیشكی و مردنی 20,000 هاووڵاتی به‌هۆی هه‌له‌ی پزیشكی ) به‌گوێره‌ی ئاماره‌كان ساڵانه هه‌زاران حاله‌تی هه‌له‌ی پزیشكی له‌نه‌خۆشخانه‌كانی ئه‌و ووڵاتانه تۆمارده‌كرێت ، ناكرێته بابه‌تی رۆژنامه‌وانی و بازاری میدیا و كه‌ناله‌كانی پێ گه‌رم ناكرێت چونكه ئه‌وه‌یان دژ به به‌رژه‌وه‌ندی گشتی یه . كه‌رتی ته‌ندروستی له‌هه‌رێمی كوردستان وه‌ك ووڵاتانی تر دوور نی یه له‌هه‌ڵه‌ی پزیشكی به‌ڵام له ڕیپۆرتهكه ده‌گوترێت گوایه كه‌س لێی نه‌پرسراوه‌ته‌وه ئه‌مه‌ش دووره له‌راستی بۆنمونه به‌ته‌نها له‌ساڵی 2014 دا زیاتر له(160) لێژنه‌ی لێكولینه‌وه هه‌بووه به‌ئاماده‌بوونی نوێنه‌ری داواكاری گشتی كه سزادانی جۆراوجۆر هه‌بووه به‌گوێره‌ی حاله‌ته‌كان و چه‌ندین كه‌یسیش ڕه‌وانه‌ی دادگاكراوون .
هه‌ر بۆ هه‌مان بابه‌تی ڕاپۆرته‌كه‌ی NRT به‌ڕێوه‌به‌ری گشتی ته‌ندروستی سلێمانی ڕاسپێردراووه بۆ ئه‌نجامدانی لێكۆلینه‌وه .
سه‌باره‌ت به راپۆرتێكی كه‌ناڵی ڕووداو تایبه‌ت به‌نه‌خۆشخانه‌ی منداڵان له‌هه‌ولێر ، ئێمه ده‌زانین بوونی یه‌ك نه‌خۆشخانه‌ی منداڵان ده‌ره‌قه‌تی ئه‌و ژماره‌ی زۆره‌ی دانیشتووان به‌قورسایی زۆری ئاواره‌كانیشه‌وه نایه‌ت ده‌زانین نه‌خۆشخانه‌ی منداڵانی هه‌ولێر كه‌خۆی به‌شی هاوولاتیانی شاره‌كه ناكات به‌لام سه‌دان هه‌زار ئاوارهشی بۆ هاتووه بێ گومان ده‌ره‌قه‌تی ئه‌و ژماره‌زۆره نایه‌ت ، به‌ڵام ئێمه له‌كابینه‌ی حه‌وته‌م به‌بڕی زیاتر له یه‌ك ملیار و 200 ملیۆن دۆلار به‌ردی بناغه‌ی (20) نه‌خۆشخانه‌ی جۆراوجۆرمان داناووه كه ده‌كاته (2000) ته‌ختی نه‌خۆش ، به‌ته‌نها بۆ ناوشاری هه‌ولێر ،نه‌خۆشخانه‌ی (330 ) ته‌ختی گشتی ، (200) ته‌ختی له‌دایكبوون و (100) له خه‌بات و چه‌ندنین نه‌خۆشخانه‌ی تر له حریر ، رواندوز ، سه‌نته‌ری تالاسیمیا و كۆگای ناوه‌ندی ده‌رمان هه‌روها له‌گه‌ڵ كۆمپانیایه‌كی كه‌رتی تایبه‌ت ڕێككهوتبووین به‌بڕی (200 ملیۆن دۆلار) سێ نه‌خۆشخانه له‌شاری هه‌ولێر دروست بكه‌ین به‌قه‌رزی درێژخایه‌ن ئه‌وانیش نه‌خۆشخانه‌ی (300) ته‌ختی منداڵان ، (200) ته‌ختی ده‌روونی و (100) ته‌ختی چاو به‌ڵام چی بكه‌ین كه قه‌یرانی دارایی سه‌رجه‌م ئه‌و پرۆژانه‌ی وه‌ستاند ، ئه‌و هه‌نگاوانه‌مان بۆ بوژاندنه‌وه‌ی ژێرخانی كه‌رتی ته‌ندروستی ده‌سپێك بوو بۆ هه‌نگاوه‌كانمان له‌كابینه‌ی هه‌شته‌م بۆ ئه‌نجامدانی ریفۆرمی بنه‌ره‌تی له‌كه‌رتی ته‌ندروستی كه‌بریتین له جیاكردنه‌وه‌ی كه‌رتی گشتی و تایبه‌ت ، بیمه‌ی ته‌ندروستی و ئه‌نجومه‌نی پزیشكی كوردستان ، سه‌ره‌رای ئه‌و قه‌یران و گرفتانه هه‌ربه‌رده‌وام بووین له‌جێ به‌جێكردنی پلانه‌كانمان بۆ چاكسازی .
ده‌پرسین ، ئایا له‌هه‌ولدان بۆ بێ متمانه‌كردنی هاوولاتیان به كه‌رتی ته‌ندروستی كێ سوود مه‌نده؟
ئایا ده‌وڵه‌مه‌ندان و خواپێداووان كه متمانه كه‌م بوو به‌كه‌رتی گشتی ڕوو له نه‌خۆشخانه تایبه‌تیه‌كان و ده‌ره‌ووه‌ی ووڵات ده‌كه‌ن ، ئه‌ی هه‌ژاران و نه‌دار ان ڕوو له‌كوێ بكه‌ن ؟ ئایا ئه‌و جۆره ڕیپۆرتانه خزمه‌ت به به‌رژه‌وه‌ندی كێ ده‌كات ؟
له‌كۆتایی دا، به‌پێویستی ده‌زانم زۆر سوپاسی سه‌رجه‌م پزیشكان و كارمه‌ندانی كه‌رتی ته‌ندروستی كوردستان بكه‌م كه وێڕای قه‌یرانی دارایی و دواكه‌وتنی مووچه و به‌رده‌وامی شه‌ڕی دژه تیرۆر ، ئه‌وانیش وه‌ك برا پێشمه‌رگه‌كانیان سه‌نگه‌ره‌كانی ته‌ندروستیان پته‌وتركردووه ـ له‌جه‌نگه‌كان هه‌میشه له‌نزیك پێشمه‌رگه‌وه بوون و بۆ شه‌پۆڵه‌كانی ئاواره ده‌ستی یارمه‌تی بوون.
داوا له ده‌زگاكانی ڕاگه‌یاندن و ڕاگه‌یاندن كاران ده‌كه‌م ، پرۆفیشنالانهتر كاری رۆژنامه‌وانی ئه‌نجام بده‌ن و هه‌ستیاری كه‌رتی ته‌ندروستی و به‌رژه‌وه‌ندی گشتی له‌و كه‌رته له‌به‌رچاوبگرن ولێ گه‌ڕێن متمانه‌ی هاووڵاتی بمێنێت به‌خزمه‌ته‌كانی كه‌رتی ته‌ندروستی و هاوكاربن له‌هه‌وله‌كانی پێشخستنی ئه‌و كه‌رته بۆ سیسته‌مێكی ته‌ندروستی پێشكه‌وتوو له‌هه‌رێم .
وه‌زیری ته‌ندروستی