بۆ كارمه‌ندی‌ ته‌ندروستی‌ تا ئێستا پۆسته‌ باڵاكانی‌ وه‌رنه‌گرتوه‌
بيستون فتاح
هه‌موو لایه‌كمان ده‌زانین كارمه‌ندانی‌ ته‌ندروستی‌ توێژێكن له‌ رووی‌ ژماره‌ی‌ تاكه‌كانیه‌وه‌ وه‌ له‌ رووی‌ ئه‌و خزمه‌ته‌ی‌ پێشكه‌ش به‌ هاوڵاتیانی‌ ده‌كه‌ن زۆر زیاترن له‌ توێژی‌ پزیشكان و پارێزه‌ران و ته‌نانه‌ت وه‌ك توێژی‌ مامۆستایان ده‌بن ،به‌ڵام له‌سه‌ره‌تای‌ یه‌كه‌مین كابینه‌ی‌ حكومه‌تی‌ هه‌رێمه‌وه‌ تا ئه‌مرۆ ته‌نها یه‌ك وه‌زیر وه‌ یان جێگری‌ وه‌زیر له‌م توێژه‌ دانه‌نراوه‌، له‌ كاتێكدا كارمه‌ندانی‌ ته‌ندروستی‌ به‌ شێوه‌یه‌كی‌ گشتی‌ خاوه‌نی‌ بروانامه‌ن و خزمه‌تی‌ ساڵانی‌ پێشوویان هه‌یه‌ گه‌ر بیت و به‌راورد بكرێت به‌ توێژه‌كانی‌ تر ،یه‌كێك له‌و هۆكارانه‌ی‌ بۆته‌ هۆكاری‌ بێبه‌شكردنی‌ كارمه‌ندانی‌ ته‌ندروستی‌ له‌م پۆستانه‌ په‌یوه‌سته‌ به‌ هه‌ڵبژاردنه‌وه‌. پرۆسه‌ی هه‌ڵبژاردن له‌ چوار چێوه‌ی سیستمێكی دیموكراتیدا یه‌كێكه‌ له‌و ئامرازانه‌ی كه‌ له‌ رێیه‌وه‌ به‌ بێ هیچ جۆره‌ ته‌شه‌نوجێك شه‌رعییه‌تی ده‌سه‌ڵاتدارێتی یان حوكمڕانی له‌ حزبێك ده‌سه‌نێته‌وه‌و ده‌یدات به‌ لایه‌نێكی دیكه‌!له‌رووی‌ ده‌رونیشه‌وه‌ هه‌ڵبژاردن یه‌كێكه‌ له‌ هۆكاره‌كانی‌ ئاسوده‌بونی‌ تاكه‌كان له‌ راده‌ربرین و هه‌ستكردن به‌ كه‌سایه‌تی‌ خۆی‌. كارمه‌ندانی‌ ته‌ندروستیش وه‌ك هه‌موو توێژه‌كانی‌ تری‌ ناو كۆمه‌ڵی‌ چوارچێوه‌ی‌ سیاسی هه‌رێم ،رۆلیان هه‌بووه‌ له‌ هه‌ڵبژاردنه‌كانی‌ هه‌رێم وه‌ جێ‌ په‌نجه‌یان دیاربووه‌ له‌ جێبه‌جێ‌ بونی‌ ئه‌م پرۆسه‌یه‌دا،به‌ڵام تا ئیستا به‌ شێوه‌یه‌كی‌ راسته‌وخۆ و سه‌ربه‌ست به‌شداریان نه‌كردوه‌ له‌ هه‌لبژاردنه‌كاندا به‌ تایبه‌ت له‌ روی‌: 1- كارمه‌ندانی‌ ته‌ندروستی‌ تا ئه‌م هه‌ڵبژاردنه‌ وه‌ك هه‌موو هاوڵاتیه‌كی‌ تری‌ هه‌رێم به‌شداری‌ له‌ هه‌ڵبژاردنه‌كان كردوه‌،به‌ڵام له‌ لیستی‌ كاندیده‌كاندا بونی‌ نه‌بوه‌، وه‌گه‌ر كارمه‌ندێك به‌شداربوبیت به‌ناوی‌ توێژی‌ كارمه‌ندانی‌ ته‌ندروستیه‌وه‌ به‌شدار نه‌بوه‌. 2- توێژی‌ كارمه‌ندانی‌ ته‌ندروستی‌ نه‌یانتوانیوه‌ وه‌ك توێژه‌كانی‌ تر مانای‌ بونی‌ خۆیان بسه‌پینن له‌ هه‌ڵبژاردنه‌كاندا وه‌ك توێژی‌ پزیشكان و مامۆستایان و پارێزه‌ران و كریكاران . ئه‌م دوخاڵه‌ سه‌ره‌كیه‌و چه‌نده‌ها خالی‌ تر بۆته‌ هۆكاری‌ ئه‌وه‌ی‌ گه‌لێك كه‌موكوڕی‌ و بێبه‌ش بون له‌ مافه‌كان بۆ توێژی‌ كارمه‌ندانی‌ ته‌ندروستی‌ دابرێت به‌ به‌ریدا كه‌ كاردانه‌وه‌ی‌ خراپی‌ هه‌بووه‌ له‌سه‌ر توێژی‌ كارمه‌ندانی‌ ته‌ندروستی‌ له‌و كه‌موكوڕی‌ و بێمافیانه‌ش وه‌ك : 1- به‌شدارینه‌كردنی‌ كارمه‌ندان له‌ لیستی‌ پاڵێوراواندا وای‌ كردوه‌ كارمه‌ندانی‌ ته‌ندروستی‌ بێبه‌ش بن له‌ به‌شداریكردنیان له‌ ئه‌نجومه‌نی‌ ئه‌ندامی‌ په‌رله‌مان و ئه‌نجومه‌نی‌ پارێزگاكان، ئه‌م دیارده‌یه‌ش خۆی‌ له‌ خۆیدا بۆته‌ كه‌موكوڕی‌ توێژه‌كه‌ (گه‌رجار جاریش كارمه‌ندێكی‌ ته‌ندروستی‌ گه‌یشتبێته‌ ئه‌و پۆستانه‌ له‌به‌ر ئه‌وه‌ی‌ راسته‌وخۆ خۆی‌ به‌ناوی‌ توێژه‌كه‌وه‌ نه‌ناساندبێت كاریگه‌ری‌ كه‌مبوه‌ له‌سه‌ر توێژی‌ كارمه‌ندانی‌ ته‌ندروستی‌). 2- نه‌بونی‌ كارمه‌ندی‌ ته‌ندروستی‌ له‌و ئه‌نجومه‌نانه‌ی‌ ناومان هینان،بۆته‌ هۆكارێك كه‌ ده‌سه‌لاتی‌ سیاسی هه‌رێم كارمه‌ندانی‌ ته‌ندروستی‌ بێبه‌ش بكات له‌ پۆسته‌باڵاكانی‌ ئه‌نجومه‌نی‌ جێبه‌جێ‌ كردندا وه‌ك پۆستی‌ وه‌زیر و جێگری‌ وه‌زیر و به‌رێوه‌به‌ره‌ گشتیه‌كان و ...هتد،وه‌ك له‌ماوه‌ی‌ بیست و چوار ساڵی‌ رابردووی‌ حوكمرانی‌ ده‌سه‌ڵاتی‌ هه‌رێمدا ده‌یبینین وه‌ك له‌ زانستی‌ كارگێڕی‌ و رامیاریدا باسی‌ لێوه‌ ده‌كرێت ((به‌شداریكردنی‌ پۆسته‌كان شیكردنه‌وه‌ و راستكردنه‌وه‌ی‌ پیشه‌كانه‌ وه‌ دانانی‌ ستراتیجیه‌كانه‌ كه‌ ده‌وڵه‌ت به‌شداری‌ تیاده‌كات بۆ به‌رزكردنه‌وه‌ی‌ ئاستی‌ بژێویی و بنیاتنانی‌ بارودۆخێكی‌ گونجاو، كه‌وا ده‌كات رۆڵه‌كانی‌ توێژه‌كانی‌ كۆمه‌ڵ به‌ ژیانێكی‌ یه‌كسانی‌ وبه‌شداریكردن بژین)) كۆكردنه‌وه‌ی‌ كاره‌ حكومیه‌كان به‌و زۆریه‌ و پڕبوه‌یه‌ به‌سه‌ر یه‌كه‌ی‌ به‌رێوه‌بردن وه‌ك-وه‌زاره‌ته‌كان، به‌رێوه‌به‌رایه‌تیه‌كان، به‌رژه‌وه‌ندیه‌كان، هۆبه‌كان، به‌شه‌كان- كارێكی‌ ئاسان نییه‌ به‌سه‌ر حكومه‌ته‌وه‌، له‌به‌رئه‌وه‌ی‌ كۆكردنه‌وه‌ی‌ كاره‌ هاوشێوه‌كان له‌ پیشه‌یه‌كی‌ دیاریكراودا پێویست ده‌كات ئه‌وه‌ی‌ هه‌ڵده‌ستێت به‌ ئه‌ركه‌ دیاریكراوه‌كان وه‌ لێپرسراوێتیه‌ ده‌ستنیشانكراوه‌كان وه‌ربگرێت، ئه‌م كاره‌ش نابێت بناغه‌ی‌ له‌سه‌ر ناكۆكیه‌كان بێت وه‌یان ته‌نها له‌سه‌ر لایه‌نه‌ سیاسیه‌كان بێت، به‌لكو ئه‌م كۆكراوه‌یه‌ پێویسته‌ چه‌ند بنه‌مایه‌كی‌ بنه‌ره‌تی‌ به‌رێوه‌ی‌ به‌رێت، كه‌هه‌ریه‌ك له‌و بنه‌مانه‌ جیاوازه‌ له‌وی‌ تر وه‌ك به‌شداری‌ كردنی‌ توێژه‌كانی‌ كۆمه‌ڵ به‌ یه‌كسانی‌ نه‌ك مه‌حرومكردنی‌ توێژیك و گرنگیدان به‌ توێژێكی‌ تر به‌ جیاوازی‌ بارودۆخه‌كه‌ی‌ له‌وانه‌ش: أ‌- سودوه‌رگرتن له‌ پسپۆری‌ توێژه‌كان كه‌ كه‌ڵك له‌ پسپۆری‌ توێژی‌ كارمه‌ندان وه‌رنه‌گیراوه‌ ،به‌ڵام چه‌ند جاریك له‌ كابینه‌ یه‌ك له‌دوایه‌كه‌كان پزیشكان كراونه‌ته‌ ده‌سه‌ڵاتی‌ ره‌های‌ پۆسته‌ ته‌ندروستیه‌كان. ب‌- دابینكردنی‌ رێكخستن له‌ نێوان كاره‌كاندا بۆ نمونه‌ هه‌میشه‌ له‌ گشت بواره‌كانی‌ ته‌ندروستیدا پیشه‌ی‌ پزیشكی‌ زاڵكراوه‌ به‌سه‌ر پیشه‌كانی‌ تردا ،له‌ هه‌ندێك شویندا پزیشكه‌كه‌ خزمه‌تیكی‌ زۆر كه‌می‌ هه‌یه‌ به‌به‌راورد به‌ خزمه‌تی‌ كارمه‌نده‌كان ،به‌ڵام ئه‌و ده‌كریته‌ به‌ریوبه‌ر ،ئه‌م بارودۆخه‌ وه‌ك سیسته‌می‌ ساڵه‌كانی‌ سه‌ده‌ی‌ پیشوتری‌ لێهاتوه‌ كه‌ باس له‌ شێخ و مسكین ده‌كرا. ج‌- دڵنیایی‌ له‌ بواردان به‌ به‌رپرسه‌كان بۆ كاره‌ گرنگه‌كان، كه‌ هه‌ست به‌ گرنگی‌ توێژی‌ كارمه‌ندانی‌ ته‌ندروستی‌ نه‌كراوه‌، وه‌یان بروایان به‌ كارمه‌ندان نه‌بوه‌ ئه‌و پۆستانه‌ وه‌ربگرن ،هه‌ندیك جار كارمه‌ندان زۆر سه‌ركه‌وتوانه‌ ده‌توانن ئه‌و لێپرسراویه‌تیه‌ وه‌ربگرن به‌ڵام ده‌سه‌ڵات متمانه‌ی‌ پییان نه‌بوه‌. 3- ته‌نانه‌ت ئه‌م هۆكاری‌ به‌شدارینه‌كردنی‌ توێژی‌ كارمه‌ندان زیانی‌ راسته‌وخۆی‌ به‌ توێژه‌كه‌ گه‌یاندوه‌ له‌رووی‌ ئه‌و یاسانه‌ی‌ له‌ په‌رله‌مانی‌ هه‌ریمه‌وه‌ ده‌رچووه‌ له‌به‌رژه‌وه‌ندی‌ كارمه‌ندان نه‌بون، وه‌یان ئه‌و یاسانه‌ی‌ پیویست بوه‌ بۆ كارمه‌ندانی‌ ته‌ندروستی‌ ده‌رنه‌كراون، هه‌ربۆ نمونه‌ له‌ 23 ساله‌ی‌ مێژووی‌ په‌رله‌مانی‌ هه‌رێمی‌ كوردستانی‌ عیراقدا یاسایه‌ك بۆ كاری‌ كارمه‌ندانی‌ ته‌ندروستی‌ دانه‌رێژراوه‌ كه‌ پێناسه‌ی‌ ئه‌م توێژه‌بكات له‌روی‌ یاساییه‌وه‌،وه‌ پێكهاته‌ی‌ ئه‌م توێژه‌ دیاری بكات و ئه‌رك و مافه‌كانی‌ ئه‌م توێژه‌ له‌ بواری‌ ته‌ندروستی‌ ده‌ربخات و بواری‌ كاركردنی‌ له‌ كه‌رتی‌ گشتی‌ و كه‌رتی‌ تایبه‌تدا دیاری‌ بكات، له‌ كاتێكدا له‌ بواری‌ ته‌ندروستیدا په‌رله‌مانی‌ هه‌رێم یاسای‌ بۆ پزیشكان و پزیشكانی‌ ده‌رمانساز و پزیشكانی‌ ددان ده‌ركردوه‌ به‌مه‌رجێك كارمه‌ندانی‌ ته‌ندروستی‌ له‌رووی‌ ژماره‌وه‌ له‌ هه‌موو ئه‌م توێژانه‌ زیاترن. 4- كاردانه‌وه‌یه‌كی‌ تری‌ ئه‌م دیارده‌یه‌ بریتیه‌ له‌وه‌ی‌ خودی‌ كارمه‌ندانیش له‌ناوخۆیاندا متمانه‌یان به‌ پسپۆری‌ و پیشه‌كه‌یان لاوازبیت وه‌ به‌ چاوی‌ بێئومێدیه‌وه‌ بڕواننه‌ پیشه‌كه‌یان و رازی‌ بن به‌ سیادی‌ ئه‌م حاڵه‌ته‌ و ملكه‌چی‌ ئه‌م بارودۆخه‌بن. 5- بۆ رزگاربون له‌م حاڵه‌ته‌ كارمه‌ندانی‌ ته‌ندروستی‌ له‌جیاتی‌ خه‌باتی‌ پیشه‌یی‌ توێژه‌كه‌یان په‌نایان بۆ خه‌باتی‌ سیاسی نیو حیزبه‌كانی‌ هه‌ریم بردوه‌ ،وه‌ كارمه‌ندان دابه‌شبون به‌سه‌ر حیزبه‌كاندا وه‌ ده‌یانه‌ویت له‌رێی‌ حیزبه‌ سیاسیه‌كانه‌وه‌ ئامانجه‌كانیان به‌ ده‌ست بێنن،ئه‌م كاره‌ش گه‌لێك لایه‌نی‌ خراپتری‌ بۆ سه‌ر شانی‌ كارمه‌ندان زیادكردوه‌ ،وه‌ئه‌رك و ماندوبونی‌ توێژی‌ كارمه‌ندانی‌ قورستر كردوه‌ وه‌ك: (ا) توێژی‌ كارمه‌ندان دابه‌شبون به‌سه‌ر چه‌ند حیزبێكی‌ سیاسیدا، ئه‌م دابه‌شبونه‌ یه‌كێتیه‌كه‌ی‌ ئه‌م توێژه‌ی‌ لاواز كردوه‌، به‌ پێچه‌وانه‌وه‌ گه‌ر بروانینه‌ توێژی‌ پزیشكان كه‌ زۆرترین ده‌سه‌ڵاته‌ كارگێڕیه‌كانی‌ وه‌زاره‌تی‌ ته‌ندروستیان وه‌رگرتوه‌ ئه‌م دابه‌شبونه‌ به‌م شێوه‌یه‌ نیه‌،وه‌ هه‌میشه‌ به‌رژه‌وه‌ندی‌ نێوان توێژه‌كه‌یان زاڵكردوه‌ به‌سه‌ر به‌رژه‌وه‌ندی‌ سیاسیدا. (ب) سه‌ره‌ڕای‌ ئه‌وه‌ی‌ توێژی‌ كارمه‌ندان دابه‌شبون به‌سه‌ر لایه‌نه‌ سیاسیه‌كانی‌ هه‌رێمدا، له‌ ئه‌نجامی‌ ئه‌و دلسۆزیه‌ی‌ كارمه‌ندانی‌ ته‌ندروستی‌ بۆ لایه‌نه‌ سیاسیه‌كان بویانه‌ كه‌متر دلسۆزبون بۆ ئامانج و ئاواتی‌ توێژه‌كانیان، ئه‌م كاره‌ بۆته‌ هۆكاری‌ ئه‌وه‌ی‌ كارمه‌ندان قین و رقیان له‌یه‌ك بۆته‌وه‌ وه‌ دژایه‌تی‌ یه‌كتر بكه‌ن، هه‌ندێك جار ئه‌م ناكۆكیه‌ زۆر شێوه‌ی‌ ناشیرینی‌ به‌ خۆیه‌وه‌ بینیوه‌ وه‌ك ئه‌وه‌ی‌ له‌ كۆنگره‌ی‌ كارمه‌ندانی‌ ته‌ندروستی‌ ده‌ركه‌وت وه‌چه‌نده‌ها كارمه‌ند تا ئیستا به‌ناوی‌ لیستی‌ سیاسیه‌وه‌ بایكۆتی‌ سه‌ندیكا بكه‌ن ،ته‌نانه‌ت له‌ جیاتی‌ ئه‌وه‌ی‌ بیر له‌ پرۆگرامی‌ كۆنگره‌ بكه‌نه‌وه‌ جه‌خت له‌سه‌ر ژماره‌ی‌ كورسیه‌كانی‌ لایه‌نه‌ سیاسیه‌كان بكه‌نه‌وه‌ له‌ ناو كارمه‌ندانی‌ ته‌ندروستیدا . (ج) كاتێك ده‌سه‌ڵات كارمه‌ندی‌ ته‌ندروستی‌ بێبه‌ش كردوه‌ له‌ پۆسته‌ سیادیه‌ كارگێڕیه‌كان هه‌موو كارمه‌ندانی‌ گرتۆته‌وه‌ به‌ هه‌موو لایه‌نه‌كانه‌وه‌ ،ته‌نانه‌ت به‌ كارمه‌ندانی‌ ئه‌ولیسته‌ سیاسیانه‌ی‌ سه‌ر به‌ ده‌سه‌ڵاتیش بون ،وه‌ یان كاتێك ده‌سه‌ڵات ده‌رماڵه‌ی‌ كارمه‌ندانی‌ به‌ نایه‌كسانی‌ داوه‌ به‌ كارمه‌ندان و پزیشكان ،هه‌موو كارمه‌ندانی‌ ته‌ندروستی‌ لی بێبه‌شكراوه‌ به‌ هه‌موو ئه‌و كارمه‌ندانه‌ی‌ سه‌ر به‌ هه‌ر لایه‌نیكی‌ سیاسی بن،به‌ڵام ئه‌وه‌ خودی‌ كارمه‌ندانه‌ خۆیان دابه‌شكردوه‌ به‌سه‌ر حیزبه‌كاندا. پ‌- به‌ پێچه‌وانه‌ی‌ ئه‌و بیركردنه‌وه‌ی‌ كارمه‌ندانی‌ سه‌ر به‌لایه‌نه‌ سیاسیه‌كانه‌وه‌ ،له‌ په‌رله‌مانی‌ هه‌رێمی‌ كوردستاندا لیژنه‌ی‌ ته‌ندروستی‌ په‌رله‌مان كه‌ ئه‌ندامی‌ زۆربه‌ی‌ لایه‌نه‌ سیاسیه‌كانی‌ هه‌رێمی‌ تیا بوه‌ به‌ڵام تا ئێستا نه‌یان توانیوه‌ هیچ لایه‌نیك پارێزگاری‌ له‌ به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانی‌ كارمه‌ندان بكات، بۆ نمونه‌ پرۆژه‌ی‌ یاسای‌ كاری‌ كارمه‌ندان نه‌ له‌لای‌ ئه‌و ئه‌ندام په‌رله‌مانانه‌ی‌ سه‌ر به‌ حیزبه‌كانی‌ ده‌سه‌ڵات بون به‌رزكراوه‌ته‌وه‌ وه‌ نه‌له‌لای‌ ئه‌و ئه‌ندام په‌رله‌مانه‌نانه‌ی‌ سه‌ر به‌ ئۆپۆزیوسۆن بون، له‌ كاتێكدا یاسای‌ پاساوانانی‌ ئه‌ندام په‌رله‌مانه‌كان كه‌ ژماره‌یان زۆر زۆر كه‌مه‌ به‌ به‌راورد به‌ كارمه‌ندانی‌ ته‌ندروستی‌ به‌رزده‌كرێته‌وه‌ و له‌لایه‌ن هه‌موو لیسته‌كانه‌وه‌ بڕیاری‌ كۆتای لێده‌درێت و ده‌بێته‌ یه‌كێك له‌ یاساكانی‌ هه‌ریم، به‌ڵام یاسای‌ كاری‌ كارمه‌ندانی‌ ته‌ندروستی‌ كه‌س باسی‌ لێوه‌ ناكات كه‌ یاسای‌ ژیانی‌ توێژێكی‌ گه‌وره‌ و گرنگی‌ میلله‌ته‌ وه‌ په‌یوه‌ندی‌ راسته‌وخۆی‌ به‌ ژیان و سه‌لامه‌تی‌ هاوڵاتیانه‌وه‌ هه‌یه‌. ده‌ره‌نجام: لێره‌دا ده‌گه‌ینه‌ ئه‌و ئه‌نجامه‌ی‌ كارمه‌ندانی‌ ته‌ندروستی‌ بۆ ئه‌وه‌ی‌ بگه‌نه‌ هه‌موو ئامانجه‌كانیان پێویسته‌ یه‌كگرتوبن، یه‌ك هه‌ڵوێستی‌ خه‌باتیان رون و ئاشكرا بكه‌ن بۆ ده‌سه‌لات و هاوڵاتیان و لایه‌نه‌ سیاسیه‌كان،چیتر به‌ لارێی‌ ناكۆكی‌ و دوبه‌ره‌كیدا هه‌نگاو نه‌نین ،ته‌نها كارمه‌ندی‌ ته‌ندروستی‌ پشتی‌ هاوپیشه‌كه‌یه‌تی‌ ،كاتێك سته‌م له‌ كارمه‌ندی‌ ته‌ندروستی‌ ده‌كرێت هه‌موو كارمه‌ندان ده‌گرێته‌وه‌ به‌ هه‌موو ئه‌و كارمه‌ندانه‌ی‌ سه‌ر به‌لایه‌نه‌ سیاسیه‌ جیاوازه‌كانن، ته‌نها ریگای‌ كاركردنیش به‌شداریكردنی‌ كارمه‌ندانه‌ له‌ لیستی‌ پاڵێوراواندا وه‌ بانگه‌شه‌ی‌ هه‌ڵبژاردنه‌ به‌ ناوی‌ كارمه‌ندی‌ ته‌ندروستیه‌وه‌ نه‌ك به‌ ناو نازناوی‌ توێژی‌ تره‌وه‌ بانگه‌شه‌یه‌ بۆ ئامانجی‌ توێژی‌ كارمه‌ندان نه‌ك بانگه‌شه‌ بۆ لایه‌نی‌ سیاسی.
ژماره‌ی بینین:
1416
به‌روار:
19/04/2014
بیروڕاکان
هیچ داتایه‌ک به‌رده‌ست نیه‌ .
کۆمێنتی خۆت بنێره‌